هه‌واڵ

ڕاگەیەنراوی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق

زێدپرێس

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دوابەدوای کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی بڵاوکردەوە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، “لەکۆبوونەوەکەدا جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردەوە”.

زیاتر دەڵێ “دووپاتمکردەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن. هەروەها بیری هەموو لایەکمان خستەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هەمان چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کردووە، کە سەرکۆەزیرانی عێراقیش “ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان”.

مەسرور بارزانی هەروەک دەڵێ “بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە ڕەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...