هه‌واڵ

د.نەرمین مەعروف: شاندی هەرێم داوای ٤ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دیناری لە بەغدا کردووە

زێدپرێس

 

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندی هەرێم داوای ٤ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دیناری وەک پشکی هەرێم بۆ ٦ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، لە عێراق کردووە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، شاندی هەرێم داوای ٤ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دیناری وەک پشکی هەرێم بۆ ٦ مانگی کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق کردووە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داخوازی وەفدی هەرێم یەکلا دەبێتەوە.

د. نەرمین مەعروف ڕایگەیاند: “یەکهەڵوێستی کورد جارێکی دیکە ئەوەی بۆ لایەنە عێراقییەکان سەلماندەوە، کە پرسی بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کە نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستانن پشتگیری لێدەکەن”.

بەگوتەی ئەو، “شاندی هەرێم لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە عێراقییەکان داوایانکردووە کە پشکی هەرێم بۆ مانگەکانی (٧، ٨، ٩، ١٠، ١١، ١٢)ی ئەمساڵ کە مانگانە ٨٠٠ ملیار دینارە و تێکڕا دەکاتە ٤ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بنێردرێت”.

زیاتر دەڵێ: “شاندی هەرێم و نوێنەری لایەنەکان لە بەغدا تەئکیدیان لەوەکردووەتەوە، ئەگەر حکوومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەیان بۆ بنێرێت، بۆ مووچە تەرخاندەکرێت و هەوڵدەدرێت مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی پێ دابەشبکرێت و بۆ مانگەکانی داهاتووش هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا مووچە دابەشبکات”.

ئەندامەکەی لێژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی یەکشەمی داهاتوودا بڕیار لەناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بدات، پێناچێت هەموو ئەو بڕەی حکوومەت داوایکردووە بەسەریەکەوە بینێرێت، ڕەنگە سەرەتا ئەو پشکە بنێرێت کە بەشی مووچەی ئەو سێ مانگەی ڕابردوو بکات، کە مووچەی تێدا دابەش نەکراوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...