هه‌واڵ

ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زێدپرێس

 

بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی حزبەکە کۆبوویەوە و ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە دەباشان بەڕێوەچوو،

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، “گفتوگۆی تێروتەسەلی کرد لەسەر دوا پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە تایبەت پرسی مووچە و گوزەرانی هاووڵاتییان کوردستان و دوا کۆششەکانی وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانیکردنی بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە “مەکتەبی سیاسی لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستەی کرد و تەئکیدیکردەوە ئەولەویەتی ئەم قۆناغە دەبێ بۆ مووچەو ژیانی هاووڵاتییان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە ڕۆڵ و هەوڵەکانی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێم و بەغدا بەو ئاڕاستەیە بێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی  سەردانی وەفدی یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و “دیدارەکانی بۆ پێشخستنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران” کراوە و وەک ڕاگەیەنراوەکە دەڵێ “سەرەئەنجام کۆبوونەوە و سەردانەکە و پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی لەو نێوەندەدا بە ئیجابی و بنیادنەرانە هەڵسەنگاند لە بەرژەوەندی کوردستان و عێراق”.

هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا لەسەر دوا ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆکراوە و “دووپات لەسەر پەسەندکردنی ڕێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان بەرەوە کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی یەکێتییانە لە ٢٧ ی ٩ ی ٢٠٢٣ کرایەوە”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...