هه‌واڵ

بەرپرسێکی باڵای گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری بە عێراق دەدات

زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ

 

بەرپرسێکی باڵای گەنجینەی ئەمریکا بانکەکانی عێراقی بە ناوەندی ساختەکاری، پارە سپیکردنەوە و دەرچەیەکی ئێران بۆ دەرچوون لە گەمارۆ ئابوورییەکان تۆمەتبار کرد، گوتیشی، بانکی ناوەندی عێراق دەبێت هەڵوێست بنوێنن سەبارەت بە مەترسییەکانی خراپ بەکارهێنانی دۆلار لە بانکە بازرگانییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی کەرتی ئابووریان لە سزای نوێ بەدوور بگرن.

ئەوە لە دوای ئەوە دێت، کە لە مانگی تەمووز، ئەمریکا مافی مامەڵەکردن بە دۆلاری لە ١٤ بانکی عێراقی سەندەوە بە بیانووی بەکارهێنانی نایاسایییانەی دۆلار. جیا لەوە، یەدەگی بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار لە ئەمریکایە، بۆیە عێراق چاوەڕێی بەزەیی واشنتنە تا داهاتی نەوت و دارایی نەکەوێتە ژێر سانسۆری ئەوانەوە.

بەرپرسەکەی ئەمریکا، بە مەرجی ناونەدانی، بۆ ئاژانسی “ڕۆیتەرز”ی دووپات کردووەتەوە، کە هەڵوێستەکەی مانگی تەمووزیان بەهۆی نیشانەی ڕوونی چالاکی دارایی نایاسایی بوو، ئەو تۆمەتانەشی درابوونە پاڵ بانکەکان بریتیبوون لە، پارە سپیکردنەوە، واستەکردن، هەڕەشەکردن و ساختەکاری.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق گوتی، وڵاتەکە پابەندە بە توندکردنی مەرجە دارایییەکان و ڕێگرتن لە قاچاخی دۆلار. فەرهاد عەلادین ڕاوێژکاری کاروبارە دەرەکییەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە پابەندی حکوومەت کردەوە و گوتی، “هەنگاونراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق، لە هەمان کاتیشدا پەرە بە کەرتی بانکی و بازاڕی ئاڵوگۆڕ دراوە. حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر گرتنەبەری ڕێگەی چاکسازی و شەڕکردن لە دژی گەندەڵی.”

عێراق ٧٠ بانکی تایبەتی هەیە و تەنیا سێیەکیان خراونەتە لیستی ڕەشی ئەمریکاوە. بەرپرسەکە گوتیشی، “سەرنجم خستووەتە سەر ئەو بانکانەی هێشتا مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن و گومانیشیان لەسەرە. دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی بە فەرمی ئاماژەی پێ بدات، ئەوەش ڕەنگە ئەمریکا ناچار نەکات ڕێکاری توندتر بگرنەبەر.”

١٤ بانکەکە داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە بارودۆخەکە چاک بکەنەوە و بەڵێنی پابەندبوونیان بە مەرجەکان داوە. بەرپرسەکەی گەنجینەش گوتی، حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی هاوکار بووە و بەرەوپێشچوونیان لەم ڕووەوە بەخۆوە بینیوە. لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، “هێشتا کەسانێک ماون بەرژەوەندیان لەگەڵ مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی هەیە، لە ئەگەری گۆڕانیش ڕەنگە گرژی دروست بکەن.” بەڵام ناوی کەسی نەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...