هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: جگە لە دژەتیرۆری کوردستان هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی عەربەت نەبووە

زێدپرێس

 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم شەهید و بریندارەکانی ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژەتیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی قوباد تاڵەبانی، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆرکیڵد بیگ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ چوارشەم ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە هەولێر پێشوازی لێکرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەی کۆبوونەوەکە، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا “بە توندی ئیدانەی بۆردمانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.”

هەر لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، “ئەم ڕووداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی فەرمی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانە و بۆ هەموو لایەکیش ئاشكرایە کە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوکار و هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا.”

قوباد تاڵەبانی “بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند شەهید و بریندارەکانی ڕووداوەکە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە.”

جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەورووپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە هەنگاوی کردەیی بنێن و سنوورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...