هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: سازش لەسەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەین

زێدپرێس

 

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات، کە حکوومەتی هەرێم، “هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران هات، کە دوابەدوای کۆبوونەوەکە، لەڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، وەک ئەوەی لە خوارەوە هاتووە:

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، ئەنجوومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.

پاشان پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خرایەڕوو.

ئاماژەمان بەوە دا، کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستمان دا بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵیی و هێز و لایەنە سیاسییەکان و بە وردیی  پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەنمان بۆ دابینکردنی مووچە خستەڕوو، کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقییەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەيی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا. بۆ پێشنیاری درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازییەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت، وەک مافێکی شایستەی خۆیان، کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ  بکرێت.

هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەمان بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، لە بارودۆخێکی سەختدان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشمان کرد لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی.

بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، دڵنیاییماندا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویستمان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ کردووە، کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆگرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش دروستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد، کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.

هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابوورییشمان ڕاسپارد، کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی پارەکە کە ٧٠٠ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵەوە، یەکسەر بەبێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، وەزیری تەندروستی بەڕێز سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نەخۆشی سکچوونی توند (کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەریی و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو،  دوای گفتوگۆ،  لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزیی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...