ڕوونکردنەوەیەک لەو بانکانەی بڕیارە قەرزی ٧٠٠ ملیارەکە بە هەرێم بدەن
زێدپرێس
د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی بڕیارە قەرز بدەنە هەرێم کۆبوونەتەوە.
ڕوونیکردەوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی، لیژنەی بەدواداچوونی کاری بانکەکان لە لیژنەی دارایی میوانداری بەڕێوەبەری بانکەکانی (ڕەشید، ڕافدەین و بانکی بازرگانی عێراق)ی کردووە، بۆ پرسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی ٧٠٠ ملیاری دیناری مانگانە بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
بەگوتەی د. نەرمین مەعرووف، لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەرانی بانکەکان ئاماژەیان بەوەداوە، کە پێدانی ئەو قەرزە، پێویستی بە چەند ڕێکارێکی کارگێڕی هەیە، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو تەواو دەکرێت.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی، باسی لەوەش کردووە، کە سەبارەت بەوەی ئایا ئەو قەرزە سوودی لەسەرە یان نا؟ بەڕێوەبەرانی بانکەکان گوتوویانە، ئەمە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکەکانە و هێشتا بڕیاریان لێ نەداوە، بەڵام لە بارمتەی ئەو قەرزەدا، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ئەسپاردەیەکی هاوتای قەرزەکە لەو بانکانە دادەنێت تا کاتی گێڕانەوەی بڕی قەرزەکە لە پاکتاوی دارایی پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو.