هه‌واڵ

نرخی کیلۆواتێک کارەبا بە ١٠٠ دینار جێگیر کرا

زێدپرێس

 

نرخی کیلۆواتێک کارەبا لە سیتییەکان لە ١٥٦ دینارەوە بۆ ١٠٠ دینار کەم کرایەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتمانی لە ١٥٦ دینارەوە بۆ ١٠٠ دینار بۆ هەر کیلۆواتێکی کارەبا.

بڕیارەکە، ڕاستەوخۆ پێوەستە بە نرخی کارەبای نیشتمانی لە سیتییەکان، کە بەڕێگەی سیستەمی پریپەید کارەبای نیشتمانیان بۆ دابینکراوە.

حکوومەتی هەرێم، لە هەوڵی گشتگیرکردنی سیستەمی پریپەیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش وەک دەرچەیەک دەبینێت بەئاڕاستەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا.

لەماوەی ڕابردوودا، دانیشتووانی سیتییەکان گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتمانییەوە و داوای پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی نرخەکەیان کرد.

هەرچەند بڕیاری گرانکردنی نرخی کارەبا تەنیا لە سیتی و کۆمەڵگەکانی نوێی نیشتەجێبووندا پەیڕەوکرا، بەڵام بەگشتی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا، نیگەرانی ئەوەیان پیشاندا، دواتر و بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو گرانکردنی نرخەکە سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پەیڕەویکردن لە سیستەمی پریپەیدی کارەبا، وەرگرتنی پارەی پێشوەختەی کارەبایە، لە هاوبەشان، چونکە لە سیستەمی پریپەیددا هاوبەشانی کارەبا ناچاردەبن لە سەرەتادا کارتی کارەبا بکڕن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...