هه‌واڵ

لە هەولێر پەتای کۆلێرا بە خێرایی تەشەنە دەکات

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا ٢٢١ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا لە هەولێر تۆمار کراوە و حاڵەتەکە ڕوو لە هەڵکشانە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، ئەمڕۆ پێنجشەم ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەیلوولی ٢٠٢٣ەوە دەستیان بە پشکنینی وردتر و چڕتر کردووە، بۆ زانینی ئەو ڕاستییەی کە پەتاکە لە هەولێر بڵاوبووەتەوە یان نا، ژمارەیەک تووشبوو دەستنیشان کران و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئاماژەی دا، ئەو کەسانەی دەستنیشانکران، ئەوانە بوون کە بە سەردان چوونەتە دەرەوەی هەولێر و لە شارەکانی دیکەوە تووشبووبوون.

زیاتر گوتی “پاش چارەسەرکردنی تووشبووەکان لە هەنگاوی یەکەمدا، تا ئێستا ٢٢١ حاڵەت لە شاری هەولێر تۆمار کراوە و ڕۆژانەیش ژمارەی تووشبوون لە شاری هەولێر بەرەو زیادبوون دەڕوات”.

د. دلۆڤان محەمەد باسی لەوە کرد، کە ڕێکارە پێویستەکان بۆ ڕێگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی پەتای کۆلێرا لەبەرگیراون، بەڵام کە ژمارەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت، لەپاڵ کەرتی تەندروستی، پێویست دەکات کەرتە پەیوەندیدارەکانی دیکەیش بێنە پێشەوە و لای خۆیانەوە کاری لەسەر بکەن. بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو، کە ئەوانیش ئاگادارکراونەتەوە و بڕیاریش وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی بەرفرەوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە بکرێت.

وەک بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئاماژەی دا، تا ئێستا ئەو ڕێکارانەی بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی پەتای کۆلێرا لە شاری هەولێر لەبەرگیراون، هەر لەلایەن کەرتی تەندروستییەوە بوون، لەکاتێکدا وەک دەڵێ “بەشێکی ڕیکارەکان تەندروستین، بەشێکیان پەیوەندیان بە هاووڵاتیان و لایەنەکانی دیکە هەیە، تا ئەمڕۆ نەگەیشتووینەتە ئەوەی بڕیاری دیکە دەربکرێت، بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەیری ئامارەکان دەکەنەوە و لەحاڵەتی هەڵکشانی ژمارەی تووشبوواندا، لە کۆبوونەوەی باڵای پارێزگای هەولێردا، بڕیار لەسەر ڕێکاری توندتر دەدرێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، باسی لەوە کرد، کە ساڵی ڕابردوو، بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی پەتاکە، پێویستی دەکرد سەوزەوات لە چێشتخانەکان قەدەغە بکرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئاستی هەولێردا نەدراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ڕێکارە پێویستەکان یەکلایی بکرێنەوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، داوای لە هاووڵاتییانی شارەکە کرد، ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەبەربگرن، بەتایبەت لەڕێگەی پاکوخاوێنی زیاتر لە ئامادەکردنی خواردن و هەروەها خواردنەوەی ئاوی پاک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...