هەولێر؛ زیاتر لە ١١ کیلۆگرام کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا
زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئەمڕۆ سێشەم ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئاشکرای کرد، لە شاری هەولێر دەستیان بەسەر ١١ کیلۆ و ٦٥٠ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.
ڕوونی دەکاتەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە ماددە هۆشبەرە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و داوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش – سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی ڕاپەڕین، لە چالاکییەکی هاوبەشدا، ٥ تۆمەتبار لە شاری سلێمانی و شارۆچکەی قەڵادزێ، بە بڕێکی دی لە ماددەی هۆشبەر لە هەمان جۆر(کریستاڵ)، دەستگیرکراون.
چالاکییە هاوبەشەکە، دوێنێ دووشەم ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بەڕێوەبراوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێ “تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە”.