هه‌واڵ

ڕوونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەییەوە

زێدپرێس

بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن و سەرجەم ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە، کە لەبارەی کوژرانی نیاز دەرگەڵەییەوە، لە هەندێک میدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، بڵاوکراونەتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەم ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن بنەماڵەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەدان هەواڵی نادروست و داتاشراو، لەبارەی کوژرانی نیاز دەرگەڵەییەوە بڵاوکراونەتەوە و بنەماڵەکەی پێیان وایە، ئەو هەواڵە داتاشراوانە، بەشێکن لە بەلاڕێدابردنی ڕەتی لێکۆڵینەوە، بەتایبەت کە بەبێ پشتبەستن بە لێدوانی هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی بنەماڵەکەی بڵاوکراونەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی ١٨ی ئابی ٢٠٢٣، نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناو خانووی باخەکەی لە سنوری ڕانیە کوژرا.

هەرئەوکات بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند، لەکاتێکدا ناوبراو بەمەبەستی پشوودان لە باخەکەی بووە، لەلایەن کەسانی نەناسراو کوژراوە.

ڕۆژی دواتر، پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، ئاماژەی دا، کاتژمێر ١٠ی شەوی ١٨ی ئابی ٢٠٢٣، تەرمی هاووڵاتی نیاز جەلال بەگ ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە، گەیەندراوەتە پزیشکی دادی ڕانیە و پشکنین بۆ تەرمی ناوبراو ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە شوێنەواری سێ فیشەک بەجەستەیەوە هەیە.

ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیس پاڵپشت بە گوتەی کەسوکاری قوربانییەکە، دەڵێ “ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە، کە ناوبراو لە ڕانیە- سەر ڕێگای سەرەکی قوڕەگۆ بۆ پشوو سەردانی باخەکەی کردووە و لە ئەنجامدا لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین زیاتر دەڵێ، “ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

لەچەند رۆژی رابردوو، سەدان هەواڵی نادروست و داتاشراو، کە پڕن لە زانیاری نادروست لەبارەی شەهیدبوونی کاک نیاز دەرگەڵەییەوە بڵاوکراونەتەوە، کە ئێمە پێمانوایە بەشێک لەو هەواڵە نادروستانە بۆ بەلاڕێدابردنی رەوتی لێکۆڵینەوەکانن و بەمەبەست بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوەکەدا دەکرێت.

لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە سەراپای ئەو هەواڵانە بەتایبەت ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێنەوە هیچ راستییەکیان تێدا نییە، بەتایبەت کە تێکڕایان زادەی بیرکردنەوەی خۆیانن و هیچ کەسێک لە هێزە ئەمنیەکان و لە بنەماڵەکەشمان هیچ جۆرە زانیارییان پێنەداون، بۆیە پێویستە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی  ئەو کردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە.

وە بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، ئێمە وەکو بنەماڵە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەین تا گەیشتن بە ڕاستییەکان، ئەوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  تەواوی ڕاستییەکان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنین.

بنەماڵەی شەهید نیاز دەرگەڵەیی

٢٠٢٣/٨/٢٢

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...