هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی ١٠ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەبێ هەڵبژاردن دادەنێت

زێدپرێس

 

ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە پەسندکرا. بەپێی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە، ١٠ کورسی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە بەتاڵی هێشتراونەتەوە و دواتر لەلایەن سەرۆکی حزبەکە و بە ڕەزامەندی مەکتەبی سیاسی پڕ دەکرێنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە ٦١ ئەندام پێکدێت، بە سەرۆکی حزبەکەیشەوە و بە دەنگدانی ئازاد و نهێنی هەڵدەبژێردرێن.

هەر بەپێی ڕەشنووسەکە، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرە و لەڕێگای لیستی داخراو دەبێت؛ ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، سەرجەم کورسییەکان دەباتەوە و ئەگەر یەک لیستیش هەبێت، بە دەنگدانی ئاشکرا دەنگی پێدەدرێت.

ئەگەر شوێنی ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە چۆڵ بێت، بە هەر هۆکارێک، سەرۆکی یەکێتی ئەندامێک بۆ شوێنەکە دیاری بکات و پاشان لە مەکتەبی سیاسی پەسند دەکرێت.

لە ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانییدا، ١٠ کورسی بۆ چەند کەسێک تەرخانکراوە؛

  • پێنج کورسی سەرکردایەتی تەرخان دەکرێت بۆ کەسایەتی سیاسی و حکومی و حزبی.
  • پێنج کورسی دیکەیش تەرخان دەکرێت بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بەپێی ڕێککەوتن دێنەوە و لەناو یەکێتی بەردەوامی بە خەباتیان دەدەن، پاش دیاریکردنی کەسەکان و ڕەزامەندی سەرۆک، مەکتەبی سیاسی پەسندی دەکات.

هەردوو خاڵەکە، دەرفەت بۆ ١٠ لەو کەسایەتییانە دەڕەخسێنن، کە بەشداری کۆنگرەی حزبەکەیان نەکردووە یان کەسانێکن کە یەکێتی نەبوون و لە داهاتوودا پەیوەندی بە یەکێتییەوە دەکەن و بە شایانی ئەوە دەزانرێن لە پلەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە بن.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، چەند مەرجێکی بۆ دیاریکراوە، وەک ئەوەی تەمەنی لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت، لانیکەم ١٠ ساڵ کاری لە ئۆرگانەکاندا کردبێت و پلەی ڕێکخراوەیی لە کارگێڕ مەڵبەند و هاوتاکانی کەمتر نەبێت. دەبێت لانیکەم دەرچووی ئامادەیی بێت، جگەلە پێشمەرگە دانەبڕاوەکان، کەمئەندامی سەنگەر و ڕێکخستنە دێرینەکان و زیندانی سیاسی. هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، نابێت هیچ کارێکی حکوومی و پەرلەمانی هەبێت، جگە لە پۆستە سیادییە یەکەمەکانی یەکێتی لە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان و عێراق.

پەیڕەوەکە کۆمەڵێک ئەرک و دەسەڵاتی بە سەرۆک داوە، لەناویاندا: سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی حزبەکەیە. ئەندامی سەرکردایەتییە و لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، سیمبولی یەکڕیزی و یەکگوتاری یەکێتییە لەناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی و بەرپرسی یەکەمە لە پاراستن و بەهێزکردن و گەشەپێکردنی حزبەکە.

سەرۆکی یەکێتی، بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی حزبەکە. هەروەها، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی یەکێتی دەکات، لەکاتی وەکیەکی دەنگەکاندا، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوە دەبێت.

سەرۆکی حزبەکە، بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان و هەر کاروبارێکی تر، کە بچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیان. هەروەها، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتی یەکێتی دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا، هەماهەنگی نێوان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...