هه‌واڵ

تەلار لەتیف: هیچ دەنگۆیەکی چەواشەکارانە کار لە ڕەوتی کۆنگرە ناکات

زێدپرێس

 

گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەبوونی کێشە و ناکۆکی لەناو کۆنگرەکەی حزبەکەدا، ڕەت دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، تەلار لەتیف گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کارەکانی کۆنگرە بەئاسایی دەچنە پێشەوە و ئەندامانی کۆنگرە کات و دەرفەتی تەواویان پێدراوە، هەر چۆنێک و هەر چەندێک گفتوگۆی ماددە و بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆ دەکەن.

تەلار لەتیف ئاماژەیدا، “سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی باس لە دروستبوونی کێشە و گرفت لەناو ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکە دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە”.

بەگوتەی ئەو، تا ئێستا ١٨ ماددەی پەیڕەوی ناوخۆ دەنگی لەسەر دراوە و دوای پشوویەک، ئەندامانی کۆنگرە گفتوگۆ بۆ پەسندکردنی ماددەی ١٩ دەکەن و سەرجەم کارەکانیش بە ئاسایی بەڕێوە دەچن.

گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دڵنیایی نەدا، لەوەی ئەمڕۆ کارەکانی کۆنگرە تەواوببن، بەتایبەت کە وەک گوتی “زیاتر لە ١٣ ساڵە، ئەندامانی کۆنگرە دەرفەتی ئەوەیان نەبووە، بە دڵی خۆیان لەسەر ماددە و بڕگەکانی پەیڕەو گفتوگۆ بکەن، لەبەرئەوە دەیانەوێت زۆرترین بەشداری لەوڕووەوە بکەن”.

زیاتر گوتی “هیچ دەنگۆیەکی چەواشەکارانە کار لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆنگرە ناکات، ئەندامان مافی خۆیانە گفتوگۆ لەسەر ماددە و بڕگەکانی پەیڕەو بکەن، دوای داڕشتنەوەی ماددەکان دەخرێتە دەنگدانەوە.”

ئەو لێدوانەی تەلار لەتیف، بەدوای ئەوەدا دێت، لە چەند دەزگایەکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، باس لە دروستبوونی کێشە و ناکۆکی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کراوە.

دوای پەسندکردنی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆ، دەست بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...