هه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێك له‌پێناو دابینكردنی ژیانێکی شایستە بۆ مامۆستایان ده‌ده‌ین

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی شەست و سێ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “هه‌موو هه‌وڵێك له‌پێناو دابینكردنی ژیانێکی شایستە بۆ مامۆستایان ده‌ده‌ین”.

 

دەقی پەیامەکە:

 

یادی شەست و سێ ساڵه‌ی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان و سکرتارییەتی یەکێتیی مامۆستایان پیرۆز دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

 

پەیامی بەرز و ڕۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەکان بەرز دەنرخێنین و هه‌موو هه‌وڵێك له‌پێناو دابینكردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئه‌وان ده‌ده‌ین کە لەگەڵ پێگەی پەروەردەیی و نیشتمانییاندا بگونجێت. به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كاركردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی فێرکردنی گونجاو و هاوچەرخ كه‌ وەبەرهێنانێکی ڕاستەوخۆیە لە داهاتووی کوردستاندا.

 

مامۆستایان پێشه‌نگ و کۆڵەکەی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەن و گەرەنتیی پەروەردەکردنی مرۆڤی هۆشیارن كه‌ شانازی به‌ ناسنامه‌كه‌یانه‌وه‌ دەکەن. لە هەموو قۆناغەکاندا دڵسۆزییان سەلماندووە، هه‌ر لە گۆڕەپانەکانی خەباته‌وه‌ تا هۆڵه‌كانی خوێندن، هەمیشە پارێزەری هۆشیاری و زمان و بەهاکان بوون. ڕۆڵیان لە بەردەوامیی پرۆسه‌ی فێرکردن لە سەختترین هەلومەرجدا، جێی ڕێز و پێزانینه‌.

 

ده‌ستخۆشی له‌ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەین بۆ نوێنەرایەتیکردنی توێژی مامۆستایان و بەرگریکردن لە مافەکانیان. بە ڕێزەوە قوربانیدانی ئەو مامۆستایانە بەبیر دێنینەوە کە گیانیان لەپێناو ئازادیدا به‌خشی. سڵاو بۆ هەموو ئه‌و مامۆستایانه‌ی به‌ دڵسۆزی و له‌خۆبوردوویی ئەرکی پیرۆزیان جێبەجێ دەکه‌ن.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button