هه‌واڵ

ئیمزا بۆ ڕاستەوخۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە کۆدەکرێتەوە

زێدپرێس

 

فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێگای نووسراوێکەوە داوا دەکەن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەریەک لە سەرۆک و نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەڕێگەی نووسراوێکەوە کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کردووە، داوا دەکەن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک سەرجەم مووچەخۆرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی بانکە فەرمییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.

نووسراوی داواکارییەکە، تا ئێستا ئیمزای زیاتر لە ٥٠ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەسەر کۆکراوەتەوە و لەناویاندا ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنە سووننە و شیعەکان هەن.

لای خۆیەوە، میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە زاری سروە محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند، فراکسیۆنی یەکێتی، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێشخەرییەکی بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ڕاستەوخۆ ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم لەبەغداوە ڕاگەیاندووە.

سروە محەمەد ڕایگەیاندووە، “لەپێناو بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت مووچەی مووچەخۆران، فراکسیۆنی یەکێتی دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند، بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ڕاستەوخۆ ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم وەک ھەموو شارەکانی تری عێراق”.

ئاماژەی بەوە کرد، “ئەم هەنگاوەمان بە ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی بەرانبەر ھاووڵاتییانی خۆمان و لەپێناو کۆتاییهاتنە بەم دڵەڕاوکێییە، کە زیاتر لە نۆ ساڵە ھاووڵاتییانی ھەرێم تێیدا دەژین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button