ههواڵ
مەسرور بارزانی داوای هەماهەنگی و پشتیوانی زیاتر لە یەکێتی دەکات
زێدپرێس
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە یەکێتیی نیشتمانی، دەڵێ “هەماهەنگی و پشتیوانیتان بو جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی حکوومەت زیاتر بکەن”.
ئەمڕۆ سێشەم ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
لە سەرەتای پەیامەکەدا دەڵێ “بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرە و دەستنیشانکردنی سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی، پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەم”.
ئاماژەی دا، “هیوادارم قۆناغێکی نوێ لە خزمەتی گەل و نیشتمان دەست پێ بکەن و هەنگاوەکانتان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و پەرەپێدان بە دەستکەوتەکان و پاراستنی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکی کوردستان چڕتر بکەن”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ “هەروەها، هەماهەنگی و پشتیوانیتان بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی حکوومەت زیاتر بکەن”.