هه‌واڵ

هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوشار لەسەر بنەماڵەی ئارمیتا چڕتر دەکەنەوە

زێدپرێس

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕایدەگەیەنێت، باری تەندروستی ئارمیتا گەڕاوەند، ئەو کیژۆڵە ١٦ ساڵانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەتوندی هێرشیکرایەسەر، ڕوون نییە و هێزە ئەمنییەکانیش گوشارەکانیان لەسەر بنەماڵەکەی چڕتر کردووەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەپێی ڕێکخراوەکە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت و وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان لەلایەن ڕێکخراوی ناوبراوەوە، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە لە مێترۆی تاران بێهۆش بوو و بۆ نەخۆشخانەی فەجر گواسترایەوە، ناوەندە ئەمنییەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی، بە چڕوپڕی چاودێریی بنەماڵەکەی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی “فەجر”ی تاران، بە مەبەستی پێشگرتن لە ئەگەری وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی ئەو مێرمنداڵە کوردە، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان دیمانەیەکی تەلەفزیۆنییان لەگەڵ دایک و باوکی ئارمیتا گەڕاوەند بڵاو کردەوە. لەم دیمانەیەدا دایکی ئارمیتا دەڵێت: “نازانین، گوتوویانە زەختی خوێنی دابەزیوە”. لە دیمانەکەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر دایک و باوکی ئارمیتا، هێشتا بەڕوونی نازانن هۆکاری دابەزینی پەستانی خوێنی منداڵەکەیان چی بووە.

ڕێکخراوی هەنگاو، لە زاری کەسێکی نزیک لە بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە، “ئەم دیمانەیە لە نەخۆشخانەی فەجر و لەژێر گوشار و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان تۆمارکراوە و ئەوانیش بەهۆی گوشاری ئەو هێزانەوە ناچار بوون ئەم دیمانەیە بکەن”.

هەنگاو ئاماژەی بەوە کردووە، کە شەوی ڕابردوو، یەکەم جار و وەک یەکەم سەرچاوە وێنەی “ئەرمیتا گەڕاوەند”یان لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تاران بڵاو کردووەتەوە، “ئەو سەرچاوەیە کە ئەو وێنەبەڵگەیەی بۆ هەنگاو هەنارد ڕایگەیاندووە، باری تەندروستیی ئارمیتا هیچ باش نەبووە و تاکوو ئێستاش هێشتا بێهۆشە”.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی زیاتر دەکات، “هەر لەو کاتەی کە ئارمیتا گەیەندرایە نەخۆشخانەی فەجر، هەموو چواردەوری نەخۆشخانەکە و بەتایبەتی بەشی چاودێریی تایبەتی ئەم نەخۆشخانەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی چڕوپڕی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هێزە ئەمنییەکان هەموو کاروباری نەخۆشخانەکەیان بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کردووە”.

هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتریدا لەسەر ئەو هاووڵاتییە ڕایگەیاندووە؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەم، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هێزە حکوومەتییەکان لە مێترۆی “شوهەدا”ی تاران، بە بیانووی ئەوەی کە پێی دەگوترێت ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی دڕندانە و توندوتیژانە ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵەیان داوەتە بەر لێدان، کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

“بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی ڕاستییەکان و هەروەها نەبوونی هیچ متمانەیەک بە ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی”، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان لەسەر دۆخی ئارمیتا گەڕاوەند، داوا دەکات تیمێکی پزیشکیی سەربەخۆی پێکهاتوو لە پزیشکانی بێسنوور و کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (نووسینگەی خاچی سوور لە تاران) بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی ئێران، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...