هه‌واڵ

هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی “سنوربەزێنیی”ەکەی حەشدی شەعبی بۆ گەرمیان

“سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی”، ڕایدەگەیەنێت، سنوربەزێنییەکەی حەشدی شەعبی، بەبێ ئاگاداری هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بووە و جێگەی قبوڵکردن نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری “سەرچاوەیەکی باڵا”ی حزبەکە، ڕایگەیاند، “هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنوری گەرمیان  و کێڵگەی چاڵاو خالید، بەزاندنی سنورە و بەبێ ئاگاداری هێزە ڕەسمییەکانی ناوچەکە بووە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگانادرێت ئەو هێزە لەو ناوچەیە بمێنێتەوە”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤، هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی کە بە نزیکەی سێ هەزار چەکدار، زیاتر لە ٢٠٠ هەمەر، ئۆتۆمبێل، شۆفڵ و ئامێری دیکەی سەربازی خەمڵێندراون، بەرەو سنوری شارەدێی کوڵەجۆی سەربە کفری هاتن و دەستیان بەسەر کێڵگەیەکی گازدا گرت.

جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەرکی پاراستنی کێڵگەکەی لەئەستۆ بووە، لیوای پێنجی پیادەی پێشمەرگە لەناوچەکەدان و دوای هاتنەپێشەوەی هێزەکەی حەشدی شەعبی، چوونەتە حالەتی ئامادەباشییەوە.

سەرچاوەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ: “داواشمانکردووە لە ناوەند ڕاستەوخۆ پاشەکشە بە هێزەکە بکرێت، چونکە ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نییە”.

ئەوە لەکاتێکدا دێت، کە هەر ئەمڕۆ یەکشەم، میدیاکان لە زاری سەرچاوەکانی پێشمەرگە لە دەڤەرەکە، بڵاویان کردەوە، هێزەکەی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاندووە، بە ئاگاداری و بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاتوونەتە سنورەکە و تێیدا دەمێننەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...