هه‌واڵ

باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە: تورکیا ئامادەیی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕی

زێدپرێس

 

باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە، ڕایدەگەیەنێت، تورکیا ڕەزامەندی بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆڕییەوە دەربڕیوە. لەکاتێکدا وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاندووە، “ئێستا ئەو پرسە لە دەستی لایەنی عێراقیدایە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەجید ئەلجماوی باڵیۆزی کۆماری عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، تورکیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا.

ئەلجماوی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ “لایەنی تورکیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی دەستبەجێ هەناردەکردنی نەوت لە هێڵی بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیا دەستپێبکاتەوە”.

ئەو ڕاگەیەنراوە، دوای کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەم لەگەڵ وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپ ئەرسلان بایراکتار دێت.

بایراکتار دووپاتی کردەوە کە “تیمەکانی تەکنیکی تورکیا ڕێکارە تەکنیکی و لۆجستییەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراقیان لە ڕێگەی بۆرییەوە تەواوکردووە”، ڕوونیشیکردەوە، “ئێستا ئەو پرسە لە دەستی لایەنی عێراقیدایە”.

وەک ئەوەی ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاماژەی داوە، لە بەرانبەردا باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە، “پێزانینی حکوومەت و گەلی عێراقی بۆ ئەم هەنگاوەی تورکیا” دەربڕی و “ئامادەیی عێراقی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەخێرایی” دەربڕی.

جەختیشی کردەوە، “دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەشدارییەکی بەرچاوی لە کرانەوەی ئاسۆی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دەبێت، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵاتی دراوسێ و گەشەپێدان مسۆگەر بکات”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...