هه‌واڵ

پەیامێک لە قوباد تاڵەبانییەوە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنگرەوە

زێدپرێس

 

قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند و جەخت لە سەرکەوتنی کۆنگرەی حزبەکە دەکاتەوە و دەڵێ، ئێستا، بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لە هەموو کات قورسترە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

 

دەقی پەیامەکە:

 

بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵان و تێکۆشەرانی یەکێتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی دەکەم.

پیرۆزبایی لە هەردوو هەڤاڵی تێکۆشەر، کاک کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ خان دەکەم کە بە حەق لەلایەن کۆنگرەوە وەک سەمبولی باڵای یەکێتی دیاری کران.

پیرۆزبایی لە براو هاوڕێ و سەرۆکم هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەم کە بەکۆی دەنگ وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرا.

پیرۆبایی لەهەڤاڵ و برای تێکۆشەرمان کاک شێخ جەعفەر دەکەم کە وەک بەرپرسی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی هەڵبژێردرا..

پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە بەڕێوەبردنی یەکێتی بەو جۆرەی کە لە ئاست چاوەڕوانی ئەندامان و جەماوەری یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت.

دەمەوێت لێرەوە، لەدڵەوە سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێشوو بکەم، کە پێکەوە قۆناغێکی سەخت و راگوزەرمان تێپەڕاند.

جێی خۆیەتی سوپاسی یەک بە یەکی ئەندامانی کۆنگرە بکەم کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ئازایانە و بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە بەشدارییەکی چڕوپڕ و کەم وێنەیان کرد لە دەوڵەمەندکردنی پەیڕەو پرۆگرام و راپۆرتەکانی کۆنگرە و جارێکی دیکە سەلماندیانەوە یەکێتی حیزبی کادرانی پێگەیشتوو و تێگەیشتووە.

لە ئەمڕۆ بە دواوە یەکێتی دەبێت ئەو یەکێتییە بێت کە چەندین ساڵە هەموو یەکێتییەکان و کوردستانیان ئاواتی بۆ دەخوازن. دەبێت ئەو یەکێتییە بێت کە شایستەی ئەو رووبارە خوێن و فرمێسکە بێت لەپێناویدا رژاوە. دەبێت ئەو یەکێتییە بێت وەکچۆن هیوا و ئومێدی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بوو، ببێتەوە بە هیوای و ئومێد و پشت و پەنای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و متمانە بۆ هاوڵاتییان بگەڕێنێتەوە. دەبێت ئەو یەکێتییە بێت سیاسەت و حکومڕانی لە کوردستان و عێراق بخاتەوە سەر راستەڕێی خۆی.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بوو. سەرکەوتوو بوو لەوەدا کە خوێنی تازە و گەنجان و ژنانی بە رێژەیەکی باش هێنایە ناوەندی بڕیاردانەوە و بەمەش دەرگای هیوای بەڕووی کادر و ئەندامانی یەکێتیدا کردەوە کە ئەگەر چالاکتربن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا دەتوانن خۆیان لە بەرزترین ئاستی بڕیاردانی یەکێتیدا ببیننەوە. سەرکەوتوو بوو لەوەدا کە یەکێتییە دڵسۆزەکان پەراوێز ناخرێن و هەموومان پێکەوە بڕیارمانداوە خزمەتکاری هاوڵاتیان بین بێجیاوازی ناوچەیی و ئینتیمای حیزبی و ئاینی. سەرکەوتوو بوو لە داڕشتنی بناغەیەکی پتەو بۆ سیاسەتی یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتیدا.

ئێستا هەمووان چاودێری هەنگاوەکانی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنج دەکەن. هەربۆیە بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لە هەموو کات قورسترە و دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدابن. دڵنیام یەکێتی لە دوای کۆنگرەی پێنجەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەتوانێت لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەندامان و جەماوەری یەکیتیدا بێت. دڵنیام یەکێتی لەمەودوا بە سەرکەوتنی گەورەتر روحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدەکانمان شاد دەکات و سەری کەسوکاری شەهیدان و هەڤاڵان و ئەندامانی یەکیتی بەرزتر دەکاتەوە.

 

قوباد تاڵەبانی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...