مەسرور بارزانی: دەبێت مووچە لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمەوە دابەش بکرێت
زێدپرێس
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا هەڵوەستەی لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ئەگەر مووچەش لە بابەتەكانی دیكە جیا دەكرێتەوە، دیسان دەبێت هەر لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش بكرێت، نەك وەك ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردووە بە میكانیزمێكی نادەستووری، ڕاستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆی سەڵاحەدین
قوتابیانی دەرچووی خۆشەویست
كەسوكاری قوتابیان
ئامادەبووانی هێژا
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، لە ٤٢مین خولی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر بەشدارم. پیرۆزباییەكی گەرم لە قوتابییە خۆشەویستە دەرچووەكان دەكەم و هیوای سەركەوتن و ئومێدی دواڕۆژێكی گەشیان بۆ دەخوازم لە ژیانی داهاتوویاندا.
دەستخۆشی لە دایك و باوك و كەسوكارەكانتان دەكەم كە ماندووبوونێكی زۆریان كێشاوە لەپێناو ئەوەی ئێوەی خۆشەویست خوێندنەكەتان بە سەركەوتوویی تەواو بكەن. سوپاسی سەرۆك و ئەنجوومەنی زانكۆ و سەرجەم مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە ئەركی پیرۆزی خۆیان لە فێركردن و پەروەردەكردنی نەوەكانمان بەجێ گەیاندووە. هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی كوردستان و جیهانیش، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی مامۆستایانی كوردستان دەكەم، پێزانینی زۆرم بۆ مامۆستایانی كوردستان بە گشتی هەیە كە سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند مانگێك وەك هەموو مووچەخۆرانی كوردستان، مووچەی ئەوانیش دواكەوت، بەهۆی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی خوێندن نەوەستا و زۆربەی مامۆستایان زۆر لەخۆبردووانە بەردەوام بوون لە ئەركی خۆیان كە ئەمەش مایەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە.
هیوادارم هەوڵی ساردكردنەوەی مامۆستایان لە بەردەوامیدان بە ئەركی پیرۆزیان سەر نەگرێت، هەر مامۆستایەك وەك ڕێپێشاندەر، قوتابییان فێری كۆڵنەدان و خۆڕاگری بكات، چونكە ئێمە كۆڵ نادەین.
پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندن و پاڵپشتیكردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان، بەشێكی گرنگە لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی هێنانەدیی گۆڕانكاری و پێشخستنی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە گونجاو بێت لەگەڵ پێشكەوتنەكانی زانست و تەكنەلۆژیا لەو سەردەمەدا.
وەك چەند جارێكی تریش باسم كردووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كوردستان بكەین بە كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە و قوتابییە دەرچووەكانمان تەنیا هەڵگری بڕوانامە نەبن، بەڵكوو ئامانجمان ئەوەیە كە قوتابیانی كوردستان فێری ئەو پسپۆڕی و شارەزاییانە بن كە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كوردستان پێویستن و دەمانەوێ ببنە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەمان. هەروەها مرۆڤێكی داهێنەر و تێگەیشتوو و لێهاتوو بن كە بتوانن سوود بە كۆمەڵگەی خۆیان بگەیەنن.
ڕەنگە خەمی زۆربەی دەرچووان ئەوە بێت كە دوای ئەوەی خوێندنیان تەواو كرد، كارێكیان دەست بكەوێت، كە ئەمەش مافێكی ڕەوایە، هەرچەندە بەشێكی هەرە زۆری دەرچووانی زانكۆكانمان، داواكارییان ئەوەیە لە دامودەزگاكانی حكومەت و كەرتی گشتی دابمەزرێن، با بە مووچەیەكی كەمیش بێت، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هەلومەرجی كاركردن لە كەرتی گشتی و دەزگاكانی حكوومەت باشتر و مسۆگەرترە، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی چاكسازییەكانمان لە یاسای كاردا، كارمان كردووە بۆ ئەوەی هەلومەرجی كاركردن لە كەرتی تایبەتیش، بە تایبەت لە ڕووی پاراستنی مافە یاساییەكان و دابینكردنی داهاتووی ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، باشتر بكەین و هاوشێوەی كەرتی گشتی بێت.
ساڵانە بە هەزاران كەس لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەردەچن. بێگومان لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە هەموو دەرچووان لە دەزگاكانی حكوومەت جێ بكاتەوە و دایانبمەزرێنێت، چونكە بەداخەوە دەرفەتی دامەزراندن سنووردارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمانداوە و كار دەكەین بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان لە كەرتە جۆراوجۆرەكاندا بڕەخسێنین. لەم ڕووەوە، حكوومەتی هەرێم هەموو ئاسانكارییەك و هەماهەنگییەك دەكات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی كوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، بە تایبەتی لە كەرتی تایبەت. داوامان لە خاوەنكارەكانی كوردستان كردووە كە گەنجانی كوردستان لەپێشینەی وەرگرتنی دەستی كاری كۆمپانیاكان بن و پابەند بە بڕیارەكانی حكوومەت كە دەبێ بە لایەنی كەم رێژەی ٧٥٪ی دەستی كاریان خەڵكی هەرێمی كوردستان بن. لە هەمان كاتدا لە ڕێگەی میكانیزمی پێویستەوە، دەبێ ڕاهێنان بە گەنجانی كوردستان بكرێ و پەرەیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە بازاڕی كاردا پێشبڕكێ بكەن و كاریان دەست بكەوێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پڕۆژەی گەشانەوەمان ڕاگەیاند كە بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكەین، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كار و پرۆژە بازرگانییەكانیان لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە گەشە پێ بدەن. ئەمە بەشێكە لە پلانەكانمان لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجەكانمان و یارمەتیدانیان.
ئامادەبووانی بەڕێز:
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای چەندین قەیران و هاتنەپێشەوەی دەیان كێشە و ئاستەنگ و نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێكردنی كارنامە چاكسازییەكانی و پێشكەوتنی باشیش لە هەموو بوارەكاندا بەدی هاتووە. هەر بۆ نموونە كاری باش كراوە لە بوارەكانی كەمكردنەوەی بیرۆكراسی لە فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكوومەت و سنوورداركردن و كەمكردنەوەی گەندەڵی و بنبڕكردنی، ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، هەروەها باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بەدیجیتاڵكردنيان و چاكسازیكردن لە سیستەمی بانكی و كاركردن بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و پەرەپێدان و بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، پەرەپێدان بە وەبەرهێنان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و دەیان دەستكەوتی دیکە.
بێگومان ئەگەر حكوومەت لە دۆخێكی ئاساییدا بووایە و ڕووبەڕووی چەندین قەیران نەبایە، ئەوا بارودۆخی وڵاتەكەمان لە هەموو ڕوویەكەوە لە ئێستا باشتر دەبوو، بەڵام ئێمە هەمیشە بە ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانین و دڵنیام دۆخی ئابووریش باشتر دەبێتەوە و بازاڕ زیاتر دەگەشێتەوە و دەرفەتی كاری زیاتریش بۆ گەنجانی كوردستان بەردەست دەبێت.
ئێمە وڵاتێكی دەوڵەمەندمان هەیە، نەك تەنیا لە ڕووی سەرچاوە و سامانی سرووشتییەوە، بەڵكوو سامانێكی مرۆیی زۆر بەنرخ و نەوەیەكی گەنجی هۆشیار و زیرەكمان هەیە، كە دەكرێ ببنە بزوێنەری گۆڕانكاری و بونیادنان و پێشخستنی زیاتری كوردستان و ڕۆڵێكی پێشەنگ و كاریگەر بگێڕن لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم لە پرۆسەی بونیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری لە كوردستاندا.
دڵنیام ناكەونە ژێر كاریگەریی هەوڵەكانی نائومێدكەر و بە گەشبینییەوە دەڕواننە داهاتووی كوردستان. دەزانم خەڵكی كوردستان چاوەڕوانیی زیاتریان لە حكوومەتی هەرێم هەیە، بەڵام بێگومان بن لەوەی هەرچی لەتواناماندا بێت دەیكەین لەپێناو باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتییانمان و گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان.
ئامادەبووانی بەڕێز:
لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئێستا كە مووچە بابەتی هەرە سەرەكیی باسی هاووڵاتییانمانە، بە هاووڵاتییانی خۆشەویستمان ڕادەگەیەنم كە هەوڵمان داوە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ، بابەتی مووچە تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان نەكرێت، هەروەها ئاوێتەی بەشەكانی دیكەی بودجە نەكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش وەك سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرن. ئەوە پێشنیازی من بووە كە لە دوا سەردانیشمدا بۆ بەغدا، ئێمە ئەو كاتەش گوتمان كە نامانەوێت چیتر مووچە بابەتی سەرەكیی هەواڵەكان بێت، مافێكی ڕەوا و سەرەكیی هەر مووچەخۆرێكە كە بە شێوەیەكی ئاسایی هەر مانگێك مووچە وەربگرێت، بەڵام دەبینین خەریكە ئەم بابەتەش بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا دەبردرێت. هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستووریی ناو عێراقە، بۆیە ئەگەر مووچەش لە بابەتەكانی دیكە جیا دەكرێتەوە، دیسان دەبێت هەر لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش بكرێت، نەك وەك ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردووە بە میكانیزمێكی نادەستووری، ڕاستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە.
پێویستە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی فیدڕاڵ پارێزراو بن و نابێت چەمكی فیدڕاڵیەت لە عێراقدا لاواز بكرێت.
بەڕێزان:
پێش ماوەیەك كە من چووم بۆ بەغدا، زۆربەی لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵم بوون، فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراقیش پشتیوانمان بوون، ئێمە توانیمان كاریگەرییەكی باش لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵ دروست بكەین، بگەینە هەندێك تێگەیشتن و ڕێككەوتن لەسەر چۆنیەتیی چارەسەركردنی ئەم بابەتە، بەڵام دوای ئەمە، لەم چەند ڕۆژە بینیمان هەندێك كەس هەوڵیان داوە و نامەیەكیان نووسیوە، پێچەوانەی ئەو تێگەیشتن و ڕێككەوتنەی كە لە نێوانمان بووە، داوایان كردووە ڕاستەوخۆ حكومەتی بەغدا مووچەی مووچەخۆران بدات كە ئەمە پێشێڵكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.
من لێرە داوا لەو لایەنانە دەكەم كە چیتر هەوڵی ئاسانكاری و ڕێخۆشكردن بە كەس نەدەن كە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكەن. چیتر ئاسانكاری نەكەن بۆ ئەوەی ڕیزەكانی خەڵكی كوردستان لێك بترازێن. ئێمە هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان بپارێزین، چونكە پێمانوایە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بەرگریی لە مافەكانی خۆمان بكەین.
ئێستاش دەمەوێ دووپاتی بكەمەوە كە بوونی هەر هەموومان، بەوانەی كە بەم شێوەیەش مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكەن و نامەی جیاواز دەنێرن، بوونی ئەوانیش بە هەرێمی كوردستانەوە بەندە. بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان، گەرەنتیی مانەوەی هەموومانە. خوانەخواستە هەوڵ بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، پێش هەموو كەسێك، زیان بە ئەوان دەگەیەنێت. هیوادارم واز لەو سیاسەتە بهێنن، بگەڕێنەوە بەرەی گەل، واز لە بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیان بێنن و زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی باڵای گەل و خاك و نیشتمانەكەمان بكەنەوە.
بەڕێزان:
ئێمە قۆناغی سەخت و ناخۆشمان بینیوە و ڕووبەڕووی تەحەدا و ئاڵنگاریی زۆر بووینەتەوە و هەر نەكەوتین، بڕواتان بە خۆتان و حكومەتەكەتان بێت، چونكە ئێمە بڕوایەكی زۆر زۆرمان بەئێوەیە، پشتمان بە خوا و بە ئێوە قاییمە. تا خاوەن هێزی گەنجی نیشتمانپەروەر بین، كوردستان ئاسۆی ڕووناكە.
جارێكی تریش پیرۆزبایی لە هەمووتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، هەمووتان تەندروست و سەلامەت و سەركەوتوو بن. كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.