هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: نابێت هاووڵاتییانی هەرێم لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ مووچەیی بمێننەوە

زێدپرێس

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ مووچەییدا بمێننەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە كریستیانە هۆمان باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لێكرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گرفت و بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ڕایگەیاند، “لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ مووچەییدا بمێنن”.

ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكارییەكانی حكوومەتی ئەڵمانیاشی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان، “بە تایبەتیش ئەو پڕۆژانەی لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە ئامادەكراون، لەوانە هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و پڕۆژەكانی ڕیفۆرمی ئابووری و پڕۆژەی گەشتوكاڵ”.

هەروەها “باسی ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەموو قۆناغەكانی پڕۆسەكەدا یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێم بووە”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button