هه‌واڵ

ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری ڕاستییەکانی دۆسیەی چوار شەهیدەکەی کەرکووک دەخاتەڕوو

 

زێدپرێس

مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند “ڕاستییەک”ی پێوەست بە دۆسیەی شەهیدکردنی چوار گەنجە کوردەکەی خۆپیشاندانەکەی کەرکووک ئاشکرا دەکات و بەتوندیش ڕەخنە لە یەکێتی و پەکەکە دەگرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییە، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ دۆسیەی چوار شەهیدەکەی خۆپیشاندانەکانی کەرکووک بڵاوکردەوە.

قەرەنی، جگە لە خستنەڕووی چەند زانیارییەک لەبارەی هەڵوێستی نەرێنی لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک لە ساتەوەختی شەهیدکردنی چوار گەنجە کوردەکەوە تا بە ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە، بەتوندیش ڕەخنە لە ڕۆڵی یەکێتی و پەکەکە لە بابەتەکەدا دەگرێت.

 

دەقی نووسینەکەی مەریوان قەرەنی:

 

چەند ڕاستییەك لە چلەی چوار شەهیدەكەی كەركووكدا

 

ئەمڕۆ چل ڕۆژ بەسەر ئەو خۆپیشاندانە خۆڕسكەی كەركووكدا تێدەپەڕێت، كە لە لایەن ژمارەیەك لە كاسبكارانی شارەكە لە دژی داخستنی ڕێگەی نێوان كەركووك – هەولێر بەڕێوە چوو، كە بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی گوێ لە داواكارییەكانیان بگیرێت، لە لایەن هێزەكانی عێراق و هەندێك گرووپی چەكدارەوە پەلاماردران و چوار كەسیان لێ شەهید كرا و دەیانیش بریندار بوون. لێرەوە پێویستە چەند ڕاستییەك بۆ هەموو خەڵكی كوردستان ڕوون بكەینەوە:

 

– هۆكاری ئەو خۆپیشاندانە كە بەداخەوە هەندێك لایەنی كوردستانی (لەو لایەنە خیانەتكار و سەركزانەی كە خۆیان پێشتر كەركووكیان تەسلیمی شۆڤێنییەكان كردووە) دەیانەوێ بۆ كردنەوەی بارەگای حزبی بگەڕێننەوە، هیچ پەیوەندی بە بارەگاوە نەبووە، ئەو كەسانەی خۆپیشاندانەكەیان كردووە، سەرجەمیان ئەو كاسبكارانە بوون، كە لە داخستنی ڕێگەكە زەرەرمەند بوون و قووتی ژیانیان لەسەر ئەو ڕێگەیە بووە.

 

– هەندێك لە حزبە كوردستانییەكان ڕۆڵێكی خراپیان لە كاتی خۆپیشاندانەكە و دواتریش گێڕاوە بە قازانجی شۆڤێنییەكان، بە تایبەتیش یەكێتی و پەكەكە، ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر پاساو بۆ ڕەفتاری شۆڤێنییەكان دێننەوە. بەداخەوە گومانێكی جددی هەیە كە چەند كادیرێكی ئەو لایەنانە ڕۆڵیان لە هەڵگیرساندنی هەندێك ئاژاوە هەبووبێت كە دواتر بووە هۆی ئەو كارەساتەی ڕووی دا.

 

  • ئێمە وەك ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، لە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، گەیشتینە كەركووك و لێكۆڵینەوەی خۆمان كرد، بۆمان دەركەوت:

 

  • دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك بە هیچ شێوەیەك لە ڕووداوەكانی شارەكە بێلایەن نەبوون، بەو عەرەب و توركمانانەیان دەگوت (معتصمين – مانگرتووەكان) كەچی بە كوردەكانیان دەگوت (متظاهرين – خۆپیشاندەران). چاوپۆشییان لەو سەدان چەكە قورس و سووكە دەكرد، كە بەدەست ئەوانەوە بوون كە ڕێگەكەیان داخستبوو، كەچی بە گولە و بەمەبەستی كوشتن تەقەیان لەو گەنجە كوردانە دەكرد كە خۆپیشاندانیان دەكرد!

 

  • لەنێو ئەو شۆڤێنییانەی خۆپیشاندانیان دەكرد، كەسانی تاوانبار بە كەیسی تیرۆر هەبوون، تەنانەت كەسی وای تێدابووە، كە بەڵگە هەیە خۆی لە ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە بووە، كەچی لەبەردەم فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك بووە و كەسیش قسەی لەگەڵ نەكردووە، ئەمەش جێی شەرمەزارییە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك!

 

  • ئەو گەنجە كوردانەی لە خۆپیشاندانەكەدا بوون و بوونەتە قوربانی، هیچ پاڵنەرێكی سیاسییان نەبووە، كاسبكار بوون، تەنانەت یەكێتی كە ئێستا دەڵێ گوایە ئەو گەنجانە لەسەر بارەگایەك كوژراون، پێشتر خۆی گوتوویەتی ئەو شەهیدانە كادیری یەكێتیین، كەواتە ئەگەر شەڕەكە لەسەر بارەگا بووبێت، بۆچی كادیری یەكێتی لەسەر بارەگای پارتی چۆتە خۆپیشاندان؟ بەڵام ڕاستییەكەی بابەتەكە ئەوەیە كە خۆپیشاندانەكە لە دژی زوڵمكردن بووە لە كوردی كەركووك و ئەو مەترسییەی لەسەر قووتی ڕۆژانەیان دروستكراوە.

 

  • ئەم خۆپیشاندانە دەریخست كە تاوەكوو پارتی نەگەڕێتەوە بۆ كەركووك، كوردانی ئەو شارە هیچ خاوەنێكیان نییە! بەداخەوە یەكێتی كە بە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەو شارەی تەسلیمی میلیشیاكان و شۆڤێنییەكان كردووە، خۆی سەركزانە لە شارەكە ماوەتەوە و تەنانەت ناتوانێ بەرگری لە خۆیشی بكات! بۆیە پێویستە هەرچی زووە پارتی بە تەواوی هێز و توانای بگەڕێتەوە كەركووك، هەمووشمان دەزانین پارتی بە سەربەرزی و شكۆوە دەگەڕێتەوە، نەك وەك هەندێك لایەن بە سەركزی!

 

  • بڕیار بوو دوای سەردانەكەی لێژنەكەمان بۆ كەركووك، ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل بنووسین و هەموو ڕاستییەكانی ڕووداوەكانی ئەو شارەی تێدا ئاشكرا بكەین، هەرچەندە هێشتا بڕیارە ڕاپۆرتەكە بنووسرێ، بەڵام هەست بەوە دەكەین كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بابەتەكە دوابخات و خۆیان لەو ڕاستییانە بدزنەوە، كە هێزە ئەمنییەكانی كەركووك لەسەر بنەمای ڕقێكی نەتەوەیی، بێڕەحمانە تەقەیان لە گەنجانی كورد كردووە و خوێنی گەنجانی كوردیان ڕشتووە!

 

مەریوان قەرەنی

ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

١٢ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...