هه‌واڵ

قەدەغەی سەر هاوردەکردنی تەماتە هەڵگیرا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتەکە بە نووسراوی ژمارە ١٨٩٨ی ڕێککەوتی ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤ و بە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژە بەوە دەکات کە دوای بەدواداچوونیان بۆ بەرهەمی تەماتە لە گشت سنورەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆیان دەرکەوتووە، کە ئەو بەرهەمە لە بازاڕەکاندا زۆر کەم بووەتەوە و نرخی بەرز بووەتەوە، بۆیە پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٨ و پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٦٥٤٧ی ڕێککەوتی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تایبەت بە پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی، بڕیاریانداوە بە هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان.

هەر بەپێی نووسراوەکە، بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.

لە ٢١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتەی بۆ هەرێمی کوردستان دەرکرد و هەر ئەوکات بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ ڕوونکردنەوەی دا، لەسەر ئەوەی کە بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جووتیاران و چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمێکی زۆری (تەماتە)ی خۆماڵی جووتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، ئەوەش پاڵپشت بە هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها وەڵامدانەوەی یاداشتی داواکارییەکانی جووتیاران لە (کۆمەڵەی کشتوکاڵی زوبێر) لە سنوری پارێزگای بەسڕە و لەژێر ڕۆشنایی هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونەکانی لێژنەی هاوبەشی تایبەت بە یەکخستنی (ڕۆژژمێری کشتوکاڵی) لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی فیدڕاڵ.

بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا بوو، کە هاوکات لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە لە ساڵی پێشتردا، لەلایەن عێراقەوە بڕیار لەسەر قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە بۆ عێراق دەکرا، لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...