وەزارەتی پەروەردە: قبوڵ ناکەین
زێدپرێس
ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ماوەیەکە، لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە، هەڕەشە لەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانە دەکرێت، کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە دەوام کردووە.
وەزارەتەکە، هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی دەکات، لە دژی هەڕەشەکاران یان ئەوانەی تۆمەت و سوکایەتی بەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانە دەکەن، کە دەستیان بە دەوامکردن لە ناوەندەکانی خوێندن کردووەتەوە و دەشڵێ، ئەگەر دەرکەوت ئەوانەی هەڕەشە دەکەن، پلەی مامۆستایان هەیە، پلەکانیان لێوەردەگیرنەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
ماوەیەکە چەندین (ئەکاونت) و (پەیج) و (گرووپ) لە سۆشیال میدیا، کەوتوونەتە بێڕێزیکردن و سوکایەتی و هەڕەشە لە چەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کە دەستیان بە دەوامکردن کردۆتەوە، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی دەزگای ئاسایشی کوردستانی لەو هەڕەشە و تەشهیرکردن و بێڕێزیکردنە ئاگادارکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، کە سکاڵای یاساییمان هەیە وەک وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە، چونکە قبوڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سوکایەتیان پێبکرێت.
پاش ئەوەشی دەرکەوت هەر یەک لەوانە و ئەدمینی ئەو گرووپانە پلەی مامۆستایەتیان هەبوو، ئەو پلەیەیان بە بڕیارێکی فەرمی لێوەردەگرینەوە. ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانەش دڵنیا دەکەینەوە، وەزارەتی پەروەردە دەستخۆشی خەمخۆریتان لێدەکات و پاڵپشتی تەواوتان دەکات و هێرشکاران ڕووبەڕووی دادگاکان دەکرێنەوە، وەک چۆن لە ئەزموونەکانی پۆلی ١٢ ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێزان لە ئاسایش و پۆلیس بەرهەمی هەبوو.
هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی درێژە بەکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دەدات تووشی هەڕەشە و بێڕێزیکردن دەبێت لە سۆشیال میدیا، دەتوانێت سکاڵا و دۆکیۆمێنتەکان بنێرێت بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی و وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
لە ڕێگای ناردنی نامەی فایبەر و وەتس ئەپی ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی:
07505103232
07505106262
سامان سیوەیلی
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە
١٤ی ١٠ی ٢٠٢٣