هه‌واڵ

ئایا سیستەمی دژەمووشەکی ئیسڕائیل بە پارەی عێراق کڕدراوە؟

زێدپرێس

 

لەگەڵ جەنگی ئیسڕائیل و حەماس، جارێکی دی قسەوباس لەسەر دامەزراندنی سیستەمی دژەمووشەکی ئیسڕائیل بە پارەی عێراق، دەکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەو چەند ڕۆژەدا، ژمارەیەک لە بەشدارانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لە کورد و عەرەب بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە سیستەمی دژەمووشەکی ئیسڕائیل بە پارەی عێراق بونیادنراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو بڕەپارەیەی عێراق وەک قەرەبوو بە ئیسڕائیلی دا، لە بەرانبەر ئەو مووشەکانەی لە ساڵی ١٩٩١ لە ئیسڕائیلی گرت.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، بنەڕەتی ئەو دەنگۆیە، لە بەیاننامەیەکی وەزیری پێشووتری بەرگری عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت.

دوو ساڵ لەمەوبەر، عەبدولقادر عوبێدی، وەزیری پێشووتری بەرگری عێراق، ڕایگەیاند، ئیسڕائیل بە پارەی عێراق سیستەمی دژەمووشەکی دامەزراندووە.

عوبەیدی بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئیسڕائیل قەرەبوویەکی گەورەی وەرگرتووە، لە بەرانبەر هەر مووشەکێک کە لەسەر خاکەکەی کەوتووەتە خوارەوە و لەو چوارچێوەیەشدا بانگەشەی بۆ کڕینی سیستەمی دژەمووشەکی ئیسڕائیل لە پارەی عێراق کرد.

لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩١دا، هێزی زەمینی عێراق بە فەرماندەیی سەدام حوسێن سەرۆک کۆماری لە سێدارەدراوی عێراق، ٣٩ مووشەکی گرتە ئیسڕائیل، بەڵام ئیسڕائیل کاردانەوەی سەربازی نەنواند.

لە بەرانبەر ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری پێشووتری بەرگری عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی عیماد عەلو ئەفسەری خانەنشینکراوی عێراق هەیە، کە وردەکاری زیاتر دەدات.

ئەو باس لەوە دەکات، عێراق لە بەرانبەر ئەو مووشەکانەی بە ئیسڕائیلی ناوە، بە ٧٢ ملیۆن دۆلار قەرەبووی ئیسڕائیلی کردووەتەوە، ئەو قەرەبووەیش لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستیپێکردووە. بەگوتەی ئەو، لێژنەی قەرەبووکردنەوەکە، بەدوای ڕاسپاردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە؛ ئیسڕائیل یەکەمجار داوای سێ ملیار دۆلاری کردووە، بەڵام تەنیا ٧٢ ملیۆن دۆلاری پێدراوە.

ئەفسەرە خانەنشینکراوەکە، ڕەتی کردووەتەوە، سیستەمی دژەمووشەکی ئیسڕائیل بە پارەی عێراق کڕدرا بێت، چونکە دامەزراندنی سیستەمی دژەمووشەکی ئیسڕائیل لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەگەڕخراوە، بەڵام قەرەبووکردنەوەکە زووتر بووە و هەروەها ڕاستەوخۆ بۆ زیانمەندان بووە.

بانگەشەکانی عەلو یەک ناگرنەوە، لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵەوە، لەمەڕ قەرەبووکردنەوەی ئیسڕائیل لەلایەن عێراقەوە، بڵاوکراونەتەوە، بەتایبەت لەبارەی بڕی قەرەبووەکە و کاتی قەرەبووکردنەوەکە.

لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٩٩دا، ئاژانسی ڕۆیتەرز، بە ئاماژەکردن بە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دادی ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە، کە ئەو لێژنەیەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە مامەڵە لەگەڵ داواکانی سەر عێراق دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی زیانلێکەوتووی شەڕی کەنداو، ڕەزامەندی لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئیسڕائیل بە زیاتر لە ٣١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ ٦٨ کۆمپانیا/دامەزراوە و هەروەها بڕی زیاتر لە ٢٦٠ هەزار دۆلاریش قەرەبوو بۆ ١٣ کەسی زیانلێکەوتوو.

هەرئەوکات وەزارەتی دادی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کردبوو، ئێستا تەنیا بڕیارەکە دراوە و قەرەبووەکە لەدواتردا دەکرێتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...