هه‌واڵ

مەسعوود بارزانی هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە ڕوون دەکاتەوە

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كراوە و دووپاتی دەکاتەوە: “هەڵوێستی پارتی لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت”.

 

گوتەکانی بارزانی، لەمیانەی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر هات، کە ئەمڕۆ دووشەم، ١ی نیسانی ٢٠٢٤ لە سەلاحەددین بەڕێوەچوو.

لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن. هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.

هەر لەو دیدارەدا بارزانی ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد.

لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە “پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسییەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات”.

سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، “پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بەبێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت”.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بارزانی بە پێویستی زانی كە “هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانە چارەسەر بكرێت و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت. داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...