هه‌واڵ

دوو شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدان و شاندی سێیەمیش بەڕێوەیە

زێدپرێس

 

دوو شاندی وەزارەتەکانی تەندروستی و خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێم لە بەغدان و بڕیاریشە وەزیری دارایی بە سەرۆکایەتی شاندی سێیەم سەردانی بەغدا بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەردانیکردنی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بۆ بەغدا ڕاگەیاند.

بەپێێ ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێم، چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەوێت.

سەردانی شاندەکە، “بەمەبەستی دابینکردنی زیاتری دەرمان و پێداویستی پزیشکی و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە و هەروەها بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی ئاوارە و پەنابەران و چەند بابەتێکی دیکەیە”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێ.

هەر ئەمڕۆ دووشەم، لە بەغدا، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق کۆبوونەوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، سەردانی شاندەکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی “کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان و پتەوکردنی نەخشەڕێی پێکەوەکارکردن” بووە.

هەروەها، لە کۆبوونەوەی هەردوو شاندەکەدا، “گفتوگۆ لەبارەى بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان کرا، بەتایبەت مافى هەرێمى کوردستان بەپێى دەستور لەو سکۆلەرشیپانەى پێشکەش بە عێراق دەکرێت، هاوکات گفتوگۆ لەبارەى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەت کرا”، بەپێی ڕاگەیەنراوەکە.

هەر ئەمڕۆیش، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، لەسەر داوای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاوات جەناب، وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەردانەکە بۆ “بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران”ی هەرێمی کوردستانە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...