هه‌واڵ

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پێویستە حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرپرسانە کار بکات

زێدپرێس

 

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی هەرێم خۆیان لە قەیرانەكان بێ ئاگا دەكەن و “پێویستە حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرپرسانە کار بکات”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیری باڵای ڕێكخستنەكانی حزبەکەی لە شاری سلێمانی، کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، کە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لە میانەی ئەو کۆبوونەوەیەدا گوتوویەتی “بەرپرسانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە قەیرانەكان بێ ئاگا دەكەن و ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هاووڵاتییانی تێكەوتووە جێگای هەڵوێستە لەسەركردنی جددییە”.

سەلاحەدین بەهائەدین زیاتر دەڵێ “پێویستە حكوومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بەرپرسانە كار بكات لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی ڕیشەیی، بەشێوەیەك كە ناكۆكییە سیاسییەكان كار لە مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێم نەكات”.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە لەسەر “هەڵوێستی نەگۆڕی یەكگرتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دوور لە ساختەكاری لەو كاتەی بۆیی دیاری كراوە، هەروەها جارێكی تر داوا لە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات دەكەین بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش”، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، “كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری نوێ لەناوچەكە هەیە و مێژوو سەلماندویەتی هیچ گەل و نەتەوەیەك بەزەبری هێز لەناو نابردرێت”، لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ “جارێكی دیكە داوای چارەسەری كێشەكان بە شێوەی ئاشتییانە دەكەین و ئیدانەی ئەو توندوتیژییانە دەكەین كە بەرانبەر خەڵكی بێتاوان ئەنجام دەدرێت” و لەو چوارچێوەیەشدا “ستەمێكی كۆمەڵكوژی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر خەڵكی غەززە نیشانەی شكست و پوچەڵی ئەو ڕژێمەیە. فەڵەستینییەكان هەقیان لەسەر هەموو موسڵمانان هەیە و دیفاع لە موقەدەساتی موسڵمانان و ئەقسای پیرۆز دەكەن و ڕووبەڕووی ستەمی داگیركاری خاكەكەیان بوونەتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...