هه‌واڵ

سزای ١١ ساڵ زیندانیکردن بەسەر گەورە قاچاخچییەکی کورددا سەپێندرا

زێدپرێس- شکۆ شێرکۆ

 

یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی کورد، کە نزیکەی ١٠ هەزار کۆچبەری ڕەوانەی بەریتانیا کردووە و لە هەر گەشتێکدا نزیکەی ٢٦٠ هەزار پاوەندی بەریتانی دەستکەوتووە، حوکمی ١١ ساڵ زیندانی لە بەلجیکا بەسەردا سەپێنرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی زە ناشناڵ نیوز، هیوا ڕەحیمپوری ٣٠ ساڵان خۆی لە ٢٠١٦ بە قاچاخ هاتبوویە بەریتانیا و دوای تێگەیشتن لە داهاتەکانی کارەکە، خۆیشی دەستی بە قاچاخچێتی کردووە.

بە گوتەی خۆی کوردی ئێرانە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانی ماڵپەڕی زە ناشناڵ دەرکەوتووە لە هەولێرەوە هاتووە، هەروەها هیواش ناوی ڕاستەقینەی نییە. ئەو ئایاری ئەمساڵ دەستگیر کراوە، لەپاڵیدا ١٩ کەسی دیکەی تێوەگلاو گیراون، هەر یەکەیان بە حوکمی دوو ساڵ و نیو تاکوو هەشت ساڵ زیندانی کراون، جیا لە هیوا، کە حوکمی ١١ ساڵی بەسەردا سەپێنراوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، هۆکاری گۆڕینی وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتی بکرێت ئەوا پەنابەران ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان. بۆیە، ئەگەر خۆی بە عێراقی ناوزەد کردبا، ئەوا نەیدەتوانی سەردانی عێراق بکاتەوە. لەبەر ئەوەشە، زۆرینەی پەنابەرانی عێراق خۆیان بە ئێرانی دەناسێنن و بە پێچەوانەشەوە.

ئاژانسی نیشتیمانی تاوانی بەریتانیا (NCA)، دەستی بەسەر ٦٠ بەلەم و سەدان چاکەتی سەرئاوکەوتن لە کۆگایەکی ئەڵمانیادا گرتووە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو بەلەمە بچووکانە لە تورکیا دروستکراون. هیوا بێباکانە ٤٠ کەسی سوار دەکرد لە هەر گەشتێکدا لە کاتی پەڕاندنەوەیان بە ڕووباری ئینگلیزی؛ ٦٠٠٠ پاوەندیشی لە هەر کۆچبەرێک وەرگرتووە.

بە گوتەی کرەیگ تێرنەر، کە جێگری سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی ئاژانسەکەیە، هیوا یەکێکە لە گەورەترین قاچاخچییەکان، هەروەها ئەو بەرپرسیار بووە لە “پەڕاندنەوەی نزیکەی ١٠٪ی گشت کۆچبەران بەو ڕووبارەدا.” گوتیشی کۆچبەران وەک ماددە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و دەخرێنە بارودۆخی زێدە مەترسیدارەوە.

یەکەم سەرەداوی کەیسەکەی هیوا لە ٢٠٢١ بووە. ئەوکاتە بەرپرسی پارەوەرگرتن بوو بۆ قاچاخچی دیکە لەڕێی حەواڵەکردنەوە. بەر لە دەستگیرکردنی، نامەی تەلەفۆنی پیشانیداوە کە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کۆمەڵێک لە شۆفێران، تێیاندا باسی جوڵەی بەلەمەکان و شوێنی گەیشتن کراوە.

هیوا بە ڕووکەش کەسێکی بەڕێز و قسەخۆش بووە، بەڵام لەناوەوە دڵڕەق بووە و سڵی نەکردووەتەوە لە بوونی بە هۆکاری گیان لەدەستدانی هەزاران کەس بەهۆی بەرژەوەندییە ماددییەکانییەوە. ئەو بەرژەوەندییانەی کە تاکوو دەستگیرکرانی نەیدەتوانی بە ئازادی سوودیان لێ ببینێت، بچووکترین خەرجییەکانی دەکرا ببنە سەرەداو و بەدەستەوەی بدەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...