هه‌واڵ

ئومێد خۆشناو: تا ئێستا هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە

زێدپرێس

 

بەگوێرەی پارێزگاری هەولێر، تا ئێستا هەزار سەگی بێلانە لە شاری هەولێر کۆکراونەتەوە و ڕێژەی ٣٠٪ی حاڵەتەکانی پەلاماردان و گەستنی سەگ لەسەر هاووڵاتییان کەمی کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لەناو شار و دەرەوەی شار و کەمکردنەوە و نەهێڵانییان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و گواستنەوەیان بۆ شلتەرى هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشى لە تیمەکانى گرتن و گواستنەوەی سەگی بێلانە کردووە و گوتوویەتی “لەو ماوەیەى دەستیانکردووە بە پڕۆسەى گرتن و گواستنەوەى سەگى بێلانە، بەپێى ئامارە تەندروستییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە ٣٠٪ کەمیکردووە”.

ئەو لێدوانەی پارێزگاری هەولێر لەکاتێکدا دێت، کە پێشتر زێدپرێس لە ڕاپۆرتێکی ئاماری و بەپشتبەستن بە داتاکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بڵاویکردەوە، حاڵەتەکانی گرتن و پەلاماردانی سەگی بێلانە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی ٣٠٪ زیادی کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی زێدپرێسدا ڕوونکراوەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، ٣٦٨ حاڵەتی گرتن و پالاماردانی سەگی بێلانە لە فریاکەوتنی ڕۆژئاوا تۆمارکراوە، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ژمارەکە بۆ ٤٨٠ حاڵەت بەرزبووەتەوە، کە هەڵکشانێک بەڕێژەی ٣٠٪ دەکات.

بەڵام، بەدواداچوونەکانی زێدپرێس پیشانی دەدەن، لە دوو مانگی ئاب و ئەیلوولی ئەمساڵ، بەراورد بە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەکانی گرتن و پەلاماردانی سەگی بێلانە، لە ١٥٠ حاڵەتەوە بۆ تەنیا ٨٥ حاڵەت کەمی کردووە، ئەوەش دابەزینێکە بەڕێژەی زیاتر لە ٤٥٪.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژەیداوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى جەختکردنەوە لە چڕترکردنەوەى پڕۆسەکە و کۆکردنەوەی زیاترى سەگى بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شێڵتەر و نەهێڵانیان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى پارێزگاى بۆ تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى خزمەتگوزارى ژینگەپارێزیی هەولێر دووپاتکردەوە و بە فەرمى ئیدارەدانى گشتیى شێڵتەرى هەولێرى بۆ دڵدەدانى سەگى بێلانە بە بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو سپارد و ئەرکى چارەسەرە پزیشکییەکان و لایەنى هونەرى شێڵتەرەکەشى بە بەڕێوەبەرایەتى ڤێرتەرنەری هەولێر سپارد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...