هه‌واڵ

پەیوەندی کۆمپانیای کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل ڕادەگیرێت

زێدپرێس

 

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری لەسەر ڕاگرتنی چەند چالاکییەکی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم دەرکرد.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی، ئاماژەیدا، دوابەدوای بەسەرچوونی مۆڵەتی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢ و ئەو بڕیارانەی دادگا و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لەدژی دەریانکردووە، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەر کۆمپانیایەکە و نائامادەیی بۆ دانەوەی قەرزەکە، لەو ڕوانگەیەوە، دەستەکە چەند بڕیاری لەدژی دەرکردووە.

بەگوێرەی نووسراوەکە، کە ئاڕاستەی ڕای گشتی کراوە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاریداوە کڕین و فرۆشتنی سیمکارتی نوێی کۆڕەک تێلیکۆم ڕابگیرێت و داوایش لە هاووڵاتییان دەکات، هیچ سیمکارتێکی کۆمپانیای کۆڕەک نەکڕن.

دەستەکە، هەڕەشەیش لە بریکارەکان و بنکەکانی فرۆشتن دەکات، لە حاڵەتی فرۆشتنی بەرهەمی نوێی کۆڕەک، تووشی لێپچینەوەی یاسایی دەبنەوە و لەو ڕوانگەیەوە داوایان لێ دەکات خۆیان لە فرۆشتنی بەرهەمی نوێی کۆڕەک تێلیکۆم بەدوور بگرن.

هەروەها، ڕای گشتی ئاگادار دەکاتەوە، کە لەماوەی تەنیا ١٠ ڕۆژدا، پەیوەندی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل ڕادەگرن، تا ئەوکاتەی کۆمپانیای ناوبراو پابەندێتییە داراییەکانی سەرشانی جێبەجێ دەکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...