هه‌واڵ

زەوییە بەتاڵەکانی ناو پڕۆژەی دریم سیتی بە نایاسایی دەفرۆشرێن

زێدپرێس

 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای یاسا و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، خاوەنی پڕۆژەی دریم سیتی لە شاری هەولێر، بەردەوامە لە بەنایاسایی فرۆشتنی زەوییە بەتاڵەکانی ناو پڕۆژەکە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەم ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە ڕاگەیەندراوێکدا، کۆمپانیا و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی ئاگادارکردەوە، کە خۆیان لە کڕین و فرۆشتنی زەوییە بەتاڵەکانی ناو پڕۆژەی دریم سیتی لە شاری هەولێر بەدووربگرن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئاماژە بە نووسراوەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەولێر ژمارە ٤٢٩٥ لە ڕێککەوتی ١٠ی ئابی ٢٠٢٣ و پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵات وەبەرهێنان، بە ژمارە ٥٧ی ڕێککەوتی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ و هەروەها ئاگادارکردنەوەیەکی پێشووی خۆیان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٣ دەکات، لەبارەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەوییە بەتاڵەکانی ناو پڕۆژەی دریم سیتی.

ڕوونی دەکاتەوە، ئەو زەوییانە بەناوی خاوەنی پڕۆژەکە (کۆمپانیا مدینة الاحلام – بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە/سنووردار) تۆمارن و زانیارییان هەیە، کۆمپانیای خاوەن پڕۆژەکە، بەردەوامە لە ئەنجامدانی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەم زەوییانە و بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان و پێچەوانەی بڕیاری ئاماژەپێکراوی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئاگاداری سەرجەم کۆمپانیاکان و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و زەوی دەکاتەوە، کە “بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەم زەوییە بەتاڵانەی ناو پڕۆژەی سەرەوە ئەنجام بدەن کە بە ناوی کۆمپانیای ناوبراو تۆمارن”. چونکە وەک دەڵێ “جگە لەوەی کە سەرجەم ئەو زەوییانە نیشانەی گلدانەوەیان لەسەرە، هەروەها بەپێی یاسای وەبەرهێنان و بڕیاری ئاماژەپێکراو مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەوی بەتاڵ بە تەواوی پێچەوانەی یاسایە و بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت و قەدەغەیە، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی توند لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...