هه‌واڵ

فەڕەنسا پێشنیازی فرەوانکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی حەماس دەکات

زێدپرێس

 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، پێشنیاز دەکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ئێستا هەیە، فرەوان بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا گەیشتە ئیسڕائیل و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئیسڕائیڵ لە شەڕی حەماس ڕاگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ماڵپەڕی (cnbc)، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسڕائیل ڕایگەیاند، ئیسڕائیل نایەوێت شەڕ لەگەڵ گروپی چەکداری حزبوڵڵادا ڕووبدات، بەڵام ئەگەر تووشی شەڕێکی لەو شێوەیە ببن، ئەوا لوبنان “باجەکەی دەدات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پێم وایە حزبوڵڵا یاری بە ئاگر دەکات. دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە، ئێمە بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەدا ناگەڕێین لە سنوورەکانی باکوور لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە، سەرنجمان لەسەر لەناوبردنی ژێرخانی حەماس و گێڕانەوەی هاووڵاتییەکانمانە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەگەر حزبوڵڵا پەلکێشی شەڕمان بکات، پێویستە ڕوون بێت، کە لوبنان باجەکەی دەدات”، هێرزۆگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا وای گوت.

گوتەکانی ئەو، دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان گرووپی چەکداری حزبوڵڵای لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئیسڕائیل لە باکووری ئیسڕائیل دێت، کە وەک ئاماژەیەک لێکدەدرێتەوە لە فرەوانبوونی شەڕی غەززە و پەرەسەندنی بۆ ئاستێکی ناوچەیی.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا پێشنیازی کرد، ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی ئێستا لە دژی داعش هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی چەکداری حەماس فرەوان بکرێت.

ماکرۆن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل وای گوت.

ماکرۆن پێشتر، لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسڕائیل کۆبوویەوە.

ئاماژەی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد، کە پێکهاتووە لە ٨٦ ئەندام و لە ئەیلوولی ٢٠١٤ەوە بۆ لەناوبردنی داعش و ژێرخانە دارایی و سەربازییەکەی دامەزراوە.

ماکرۆن گوتی “حەماس گرووپێکی تیرۆریستییە و ئامانجەکەی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیلە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێشنیاز بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم، کە بتوانین هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دروست بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییەی کە هەڕەشە لە هەموومان دەکات”.

ماکرۆن دووپاتی لە “توند”کردنی شەڕ لە دژی حەماس کردەوە، “بەڵام بەپێی ڕێسا” و داوای کرد، کەسانی مەدەنی پارێزراوبن و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەڕێوەبردنی شەڕ بگیرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...