هه‌واڵ

عەلی تەتەر: عێراق ڕێگە نادات سوود لە سامانی خۆمان وەربگرین

زێدپرێس

 

پارێزگاری دهۆک، ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان سامانێکی سروشتی زۆری هەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕێگە نادات سوود لە سامانەکەی وەربگرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ئەمڕۆ دووشەم، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە میانەی کۆنفرانسی “پاشماوە پزیشکییەکان؛ ئاستەنگ و دەرفەتەکان” گوتارێکی پێشکەش کرد.

کۆنفرانسەکە لە شاری دهۆک و لەلایەن ڕێکخراوی یەکێتی نێودەوڵەتی شارەوانییەکانی هۆڵەندا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی و تەندروستی دهۆک سازکرا بوو.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ڕایگەیاند، “پێمان خۆشە هەموو شارەکانی عێراق وەک شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێنەوە و پێشبکەون و خەڵکی عێراق بە خۆشی، سەربەرزی و ئارامی بژین”.

تەتەر، لە میانەی گوتارەکەیدا، باسی لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی “خوای گەورە سامانێکی سروشتی بێسنوری پێشکەشکردووین، بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق نەیهێشتووە وەک پێویست سوودیان لێ ببینین و بەو هۆیەشەوە تووشی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووین”.

 

لە هەرێمی کوردستان بەشی خۆمان سامانی سروشتی و داهاتمان هەیە. ئەگەر لێمان بگەڕێن سوودیان لێ وەربگرین

 

پارێزگاری دهۆک، ئاماژەیدا، “لە هەرێمی کوردستان بەشی خۆمان سامانی سروشتی و داهاتمان هەیە. ئەگەر لێمان بگەڕێن سوودیان لێ وەربگرین، دەست بۆ هیچ لایەنێک درێژ ناکەین؛ بەڵام بەداخەوە سیاسەتێک هەیە، نە ڕێگەمان پێدەدەن سوود لە سامانە سروشتییەکانمان وەربگرین و نە ڕێگەدەدەن بیانفرۆشین؛ تەنانەت مامەڵەیەکی دەستووری و یاساییشمان لەگەڵ ناکەن”.

“وەک چۆن ئێمە بەردەوام پشتیوانیمان لە حکوومەتی فیدڕاڵی کردووە، پێویستە ئەوانیش بە هەمان شێوە پشتیوانیمان لێ بکەن، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاوەدانییەوە پێشکەوت، پێویستە عێراق ئەو پێشکەوتنە بە هیی خۆی بزانێت، ئێمەش بەهەمان شێوە پێویستە پێشکەوتنی پارچەکانی دیکەی عێراق بە هیی خۆمان بزانین”، پارێزگاری دهۆک وای گوت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...