هه‌واڵ

شانی لۆک کچە ڕفێندراوە ئەڵمانییەکە گیانی لەدەستدا

زێدپرێس

 

میدیاکانی ئەڵمانیا، لە زاری دایکییەوە، هەواڵی گیان لەدەستدانی شانی لۆک، کچە ڕفێندراوەکەی ژێردەستی حەماس لە غەززە، ڕادەگەیەنن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، میدیاکانی ئەڵمانیا، لە زاری ڕیکاردا لۆک، دایکی شانی لۆک، ڕایانگەیاند، کچە بارمتەکە گیانی لەدەستداوە. ڕیکاردا لۆک، گوتوویەتی، دوێنێ یەکشەم، هەواڵی گیانلەدەستدانی کچەکەیان لە غەززە پێڕاگەیاندووە. هەرچەند پێڕاگەیاندن و هەواڵەکە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

شانی لۆک، تەمەن ٢٢ ساڵ، لە ٧ی تشرینی یەکەم، لە فێستیڤاڵێکدا لە ئیسڕائیل لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرا. دوای ماوەیەکی کەم وێنەگەلێک بڵاوبوونەوە کە وا دەردەکەوت، تەرمی ئەو کچە پیشان بدەن. کچە گەنجەکە بەبێ جووڵە و نیوە ڕووت لەسەر پیکەبێکی حەماس و لەژێر دەست و پێی چەکدارەکان کەوت بوو. دواتر دایکی شانی، ڕیکاردا لۆک، قسەی کرد و گوتی، کچەکەی لە ژیاندایە، بەڵام بە سەختی بریندار بووە.

هەواڵەکان لە غەززەوە، ئاماژەیان بەوە دەدا، کچە بارمتەکە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، بۆ نەخۆشخانەیەکی غەززە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی سوپای ئیسڕائیل، زیاتر لە ٢٣٠ کەس لەلایەن حەماسەوە ڕفێندراون. تا ئێستا تەنیا چوار بارمتە ئازاد کراون. دیار نییە چەند لە بێسەروشوێنەکان لە ژیاندا ماون، لەکاتێکدا سەرچاوەکانی حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕایانگەیاندووە، نزیکەی ٥٠ بارمتە، لە بۆردمانەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

شانی لۆک خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی و ئیسڕائیلییە و چەندین جار سەردانی باپیر و داپیرەی لە شاری ڕاڤێنسبۆرگ لە بادن ڤورتەمبێرگ کردووە. دایکی کاسۆلیک بووە، دواتر چووەتە سەر ئایینی یەهوودی و باوکیشی جوویەکی ئیسڕائیلییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...