هه‌واڵ

وەزارەتى خوێندنى باڵا بەدواداچوون بۆ گوتەکانى مامۆستایەکى زانکۆى سلێمانى دەکات

زێدپرێس

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە زانکۆی سلێمانی کرد، لێکۆڵینەوە لە گوتەکانی ئەو مامۆستایە بکرێت، کە وشەی نەشیاو بەرانبەر کچە پەیامنێرێک بەکارهێنا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکى وەزارەتەکە، بە ژمارە (١٤٣٧) لە ڕێککەوتى ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئیمزاى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى کردووە، تیایدا هاتووە، “کارى پێویست ئەنجام بدرێت بە پێکهێنانى لێژنەیەکى تایبەت بۆ بەدواداچوونى گوتەکانى ئەو مامۆستایەى زانکۆى سلێمانى کە لە چاوپێکەوتنێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە و وشەى نەشیاوى بەکارهێناوە بەرانبەر خانمێکى ڕۆژنامەنووس دوور لە داب و نەریت و پیشەکەى خۆى”.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆى سلێمانى ڕاسپاردووە بەزووترین کات دواى تەواوبوونى کارى لێژنەکە لە ئەنجامەکەى ئاگاداریان بکەنەوە.

ئەو نووسراوەی وەزارەتەکە پاش ئەوە دێت، کە لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، مامۆستایەکی زانکۆکە، کە لە ڕیزی خۆپیشاندەران بوو، بە دەربڕینی نەشیاو، سووکایەتی بە کچە پەیامنێرێک کرد، کە خەریک بوو دەنگ و پەیامی خودی مامۆستاکە و مامۆستایانی  خۆپیشاندەر و ناڕازی بگەیەنێت.

هەر ئەمڕۆ دووشەم، زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لێژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو مامۆستایە پێکهێناوە و “سزای خۆی وەردەگرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...