هه‌واڵ

کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوت لە کوردستانەوە بۆ عێراق دەیگوازنەوە

زێدپرێس

 

لەگەڵ ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و وەستانی چالاکییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری بواری نەوت، لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دەگوازنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، هەر تەنیا داخستنی بۆڕی گواستنەوەی نەوت نەبوو، بەڵکو وەستانی زۆرینەی چالاکییەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە.

دەیان سەکۆی هەڵکەندنی بیری نەوت کە لە کێڵگەکاندا کاریان دەکرد، چالاکییەکانیان ڕاگرت، دەیان بەڵێندەر و کۆمپانیای دی، کە لە بوارە جیاجیاکانی خزمەتگوزاری نەوتدا چالاک بوون، کارەکانیان وەستا؛ کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانی گواستنەوە و ئەوانەیش خزمەتگوزاری لۆجیستیکیان پێشکەش دەکرد، هەروەها، کۆمپانیاکانی سکوێریتی و لەپاڵ هەریەک لەوانیش سەدان کرێکار لەسەر کار بوون و کارەکانیان لە دەست دا.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی زێدپرێس، زۆرینەی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری بواری نەوت کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان کاریان دەکرد، لەدوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، وردە وردە هەرێمی کوردستانیان بەرەو باشوری عێراق جێهێشتووە و ئێستا لە کێڵگەکانی نەوت و گازی عێراق کار دەکەن.

گەورە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری بواری نەوت، لەناویاندا شلەمبەرجەی و هالیبەرتن، هەریەک تەنیا ئۆفیسێکی بچووکیان لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ چالاکییەکیان لە کێڵگەکانی نەوت و گازی کوردستان هەبێت. ئەوان لەپاڵ چەندین کۆمپانیای دیکەی خزمەتگوزاری بواری نەوت، چالاکییەکانیان بۆ کێڵگەکانی نەوت لە باشور یان ناوچەکانی دیکەی عێراق گواستووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چالاکی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی کوردستان بۆ زێدپرێس ئاماژەیدا، لەپاڵ ئەو کێڵگانەی نەوت کە ئاستێکی سنورداری بەرهەمیان هەیە، چەند کۆمپانیایەکی لۆکەڵ ماونەتەوە و خزمەتگوزاری سنوردار پێشکەش دەکەن، لەناویاندا، وێزەرفۆرد، ئۆیڵ سێرڤز و مەنسور، لەکاتێکدا کۆمپانیا گەورەکانی خزمەتگوزاری بواری نەوت، دوای نائومێدبوون لە بەگەڕخستنەوەی چالاکییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، چالاکییەکانیان بۆ عێراق گواستنەوە.

جگە لەو کۆمپانیایانە، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای سکوێریتی کە پێشتر لە کێڵگەکانی نەوت یان لە چالاکییەکانی نەوتی بەگشتی کاریان دەکرد، بە هەمان شێوە کارەکانیان لەدەستداوە و بەرەو باشور و ناوەڕاستی عێراق گواستوویانەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...