هه‌واڵ

هەردوو سەرۆککۆماری عێراق و سووریا کۆبوونەوە

زێدپرێس

 

لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ڕیاز، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی سووریا کۆبوونەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە شاری ڕیاز، چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا کەوت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتەکە و نوێترین پێشهاتەکان لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بارودۆخی فەڵەستین و دەرهاویشتەکانی “دەستدرێژی بۆ سەر کەرتی غەززە”، تاوتوێ کران.

سەرۆککۆمار جەختی لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عیراق و سووریا و پێویستی پەرەپێدانی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا کردەوە، “بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا بکات، هەروەها گرنگی بەردەوامبوونی پێکەوە کارکردنی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، دووپاتکردەوە”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆککۆماری عێراق، هەڵوێستی عێراقی لە “پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین، کە قودسی پیرۆز پایتەختەکەی بێت، دووپاتکردەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەردوو سەرۆک “بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانیان کرد بۆسەر غەززە، کە خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، جەختیشیانکردەوە لە پێویستی دەستبەجێ ڕاگرتنی بۆردمانەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیل و دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خێزانە گەمارۆدراوەکان و دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆیان”.

لای خۆیەوە، سەرۆککۆماری سوریا “هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی دەربڕی و ئاماژەیکرد بە ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا، ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقیشی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە گەلی سووریا”، ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق وای گوتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...