هه‌واڵ

حزبی شیوعی کوردستان هۆشداری لە دۆخی کەرکووک دەدات

زێدپرێس

حزبی شیوعی کوردستان، داخستنی ڕێگای کەرکووک-هەولێر بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانێت و هۆشداری دەدات لە ئەگەری دەستبەجێ چارەسەرنەکردنی گرفتەکە، بە ئاڕاستەیەکی خراپتر تەشەنە بکات.

ئەمڕۆ چوارشەم ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، حزبی شیوعی کوردستان، بەناوی مەڵبەندی کەرکووکی حزبەکەوە، ڕاگەیەنراوێکی لەمەڕ داخستنی ڕێگای کەرکووک-هەولێر بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا وێڕای پێداگیری لەسەر دەستبەجێ کردنەوەی ڕێگاکە، ئەوەش هاتووە، کە داخستنی ڕێگاکە، هەر ئێستا بووەتە هۆی پەکخستنی بازاڕ و کار و کەسابەتی کاسبکاران و دواکەوتنی فەرمانبەران لە ئەرکەکانیان و دواکەوتن و ڕایی نەکردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتیان و لەدەستچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابیان.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

ڕاگەیەندراوێک لە مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستانەوە

 

ماوەی سێ ڕۆژە پێشهاتێکی نەخوازراو هاتۆتە پێشەوە و پێویستە بەر لەتەشەنەکردنی بەئاڕاستەیەکی خراپتر کۆتایی پێبهێنرێت.

داخستنی ڕێگای هاتوچۆی نێوان کەرکووک و هەولێر، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە دەستبەجێ ڕێگاکە بکرێتەوە، چونکە بۆتە هۆکاری پەکخستنی بازاڕ و کار و کەسابەتی کاسبکاران و دواکەوتنی فەرمانبەران لە ئەرکەکانیان و دواکەوتن و ڕایی نەکردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتیان و لەدەستچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابیان.

درێژەکێشانی ئەم پێشهاتە و چارەسەرنەکردنی دەستبەجێی، مەترسی پەرچەکردار و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.

بۆیە داوا لە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و هێزە ئەمنییەکان دەکەین بەپەلە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن لەمەڕ پاراستنی دۆخی ئەمنی شارەکە و ئەو پێکەوەژیانەی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیه لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی شارەکەمان.

 

حزبی شیوعی کوردستان

مەڵبەندی کەرکووک

٣٠ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...