هه‌واڵ

نوێترین لێدوانی مەسرور بارزانی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت

زێدپرێس

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە گفتوگۆکان لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق گەیشتوونەکە “زۆر تێگەیشتنی باش” و “ئەگەر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان” هەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە فیستیڤاڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر کرد و لەبارەی چەند پرسێکی پێوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و لەو چوارچێوەیەشدا، پرسی نەوت و شایستە داراییەکان، وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی، گوتی “کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکوەزیرانیشە”. ئاماژەی بەوەش کرد “ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی کاری تەکنیکی یان یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکوو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش ڕێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، “قسەی زۆر کرا لەسەر ئەوەی هەرێم مافی چییە، ئەرکی چییە؟ داواکارییەکانی ئێمەش لە حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و بەتایبەت دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ماوەی چەند مانگێکە مووچەکانیان دواکەوتووە، بەڵام هۆکارەکەی حکوومەتی فیدڕاڵی بەغدا بووە. داوامان کرد کە ئەم کێشانە کۆتاییان پێ بێت و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش وەکوو هەموو خەڵکی تری عێراق بە مافەکانی خۆیان شادبن و ئەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆیانە چیتر دوانەکەوێت”.

زیاتر گوتی “لە قسەکردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیازەکان بدەین. من ئومێدم زۆرە و ئینشائەڵڵا ئەنجامێکی باش و وەڵامی باش بۆ خەڵکیش دەبێت”.

لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند “ئەگەر بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەڵام دەبێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاوبکرێت”.

هەر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، مەسرور بارزانی، باسی لە ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە کرد و گوتی “لەبارەی بابەتی ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە قسەم لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. کاتی خۆی ئێمە داوامان کرد ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش مانگەی ئەمساڵ کە ماوە، بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن، ئەوان بە سێ مانگ بڕیاریان دا”. زیاتر گوتی “ئێمە داوای ٨٠٠ ملیارمان کرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر ٧٠٠ ملیار دا. بۆ سێ مانگی تر ئێمە دیسانەوە قسەمان کردووە و ئەوان گوتوویانە لە مانگی ١٢ دەبێت پاکتاوی دارایی بکرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە، دابینی بکەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوانە دەبین بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...