هه‌واڵ

چی دەبێت ئەگەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران چۆڵ بوو؟

زێدپرێس

 

ئارەزوو مەحموود، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێکارەکانی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕووندەکاتەوە، پاش ئەوەی ئەمڕۆ سێشەم، دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەنجوومەنەکە دا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئارەزوو مەحموود، ئاماژە بەوە دەکات، ماددەی (١٣٨ خاڵی دووەم، د)ی دەستووری عێراق، باس لە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، لە حاڵەتی چۆڵبوونی هەر پۆستێک لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیدا (سەرۆک، جێگری یەکەم، جێگری دووەم)، ئەنجوومەنی نوێنەران بە دوو لەسەر سێی ئەندامانی، جێگرەوە هەڵدەبژێرێت.

ڕوونیکردەوە، ‎”ئەمەش بەو مانایە دێت کە پەرلەمان دەبێت دانیشتنی نائاسایی ئەنجام بدات و دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بدەن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ”.

ئارەزوو مەحموود باس لەوەش دەکات، کە بەپێی ماددەی (١٢) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەگەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یان هەر یەکێک لە جێگرەکانی بەتاڵ بێت، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، ئەوا ئەنجوومەنەکە بە زۆرینەی ڕەها جێگرەوەی هەڵدەبژێرێت، لە یەکەم دانیشتن کە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە ئەنجام دەدرێت.

هەروەک ئەندامەکەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیخاتەڕوو، ‎لە لایەکی ترەوە و بەپێی ماددەی (٥٨)ی دەستوور، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یان پەنجا ئەندامی ئەنجوومەن دەتوانن بانگهێشتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن بۆ دانیشتنی نائاسایی تایبەت بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویستییان بە بانگهێشتکردن هەیە.

“‎ئەمەش بەو مانایە دێت، کە پێویستە جێگری یەکەمی پەرلەمان دوای پێشکەشکردنی داواکاری پەنجا ئەندام یان سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات بۆ ئەوەی سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران  بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگ”، ئارەزوو مەحموود وا دەڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...