هه‌واڵ

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

 

ڕۆژی چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت، دوورن لە ڕاستییەوە.

لێدوانەکەی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، دوای ئەوە دێت، کە هەر ئەمڕۆ چوارشەم، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوە لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند بوو، یەک دینار بۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرن، تا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی نەکرێت.

لەکاتێکدا ڕۆژی پێشتر گوتەبێژی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، دووپاتی لەوە کردبووەوە، کە کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە کات هەیە و لەو ڕوانگەیەوە جەختی لەوە کردەوە، کە تا تەواوبوونی پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنەکە، ئەو مووچەخۆرانەی هەژماری بانکییان بۆ دروست نەکراوە، دەبێت بەشێوەی کاش مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەمدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی لەوە کردەوە، کە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و هەژمارە بانکییەکانیان لە پڕۆژەی (هەژماری من) مووچەکانیان وەربگرن.

وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژەی (هەژماری من) ڕەت دەکاتەوە، کە بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێم و لەڕێگەی چەند بانکێکی باوەڕپێکراوی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکراوە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٢٠ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیەدا تۆمارکراون و زیاتر لە ١٠٠ هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکییان بۆ گەڕاوەتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە پڕۆژەی (هەژماری من)، لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق دەستی پێکراوە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە (هەژماری من)یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پڕۆسەی (تەوتین) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە: “وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە. کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پڕۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پڕۆژەکە“.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...