سەباح سوبحی: لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکرێتەوە
زێدپرێس
د. سەباح سوبحی ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، ئەنجامی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ئەرێنی بوو، چونکە دوای دانیشتن لەگەڵ کۆمپانیاکان تێچووی دەرهێنانی نەوت پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ناوەڕۆکی گرێبەستەکان دیراسەکراوە، بۆیە هیوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە زیادبووە، لەبەر ئەوەی تورکیاش باسی لەوە کردبوو بۆڕییەکان لەڕوو تەکنیکی ئامادەن و دەتواندرێت ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و کەرکووک ڕەوانەی دەرەوە بکات.
سوبحی گوتیشی: “دوو بابەتی سەرەکی هەبوو گفتووگۆی لەسەر بکرێت، ئەوانیش تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت هەشت هەزار و ٩٠٠ دینار دانرابوو، کە بڕێکی زۆر کەمە بۆ کۆمپانیاکان و گواستنەوەی نەوتیش لەڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بەندەری جەیهان تێچووی خۆی هەیە”، زیاتر دەڵێ: “بۆیە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی پارەی کۆمپانیاکان زیاد بکرێت و لەگەڵ تورکیاش بگەنە ڕێککەوتن، دواین گفتوگۆش ماوە، عێراق داوای کردووە ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پێ بدات و تێچووی بۆڕی نەوتیش لە گواستنەوە دەستکاری دەکرێت و کۆتایی پێدێت، ئامادەسازی کراوە بۆ ئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە”.