هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم: پەکەکە هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر بازگەیەکی زێرەڤانی

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن پەکەکەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی و لەلایەن ئەو هێزەیشەوە وەڵامدراونەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کەمێک پێش ئێستا (٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، کە بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی پەکەکەوە بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر بازگەیەکی زێرەڤانی لە سنوری ئامێدی و لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانیشەوە وەڵامدراونەتەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ، پەکەکە لە بوون بە بەشێک لە “پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان” تۆمەتبار دەکات.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:

 

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی چەواشەکاری و هەوڵە تێکدەرانەییەکانی پەکەکە

 

میدیای سەر بە پەکەکە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردۆتەوە، کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر.

لێرەدا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان ڕووندەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێککەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ بە دەیان کیلۆمەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ ڕێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە.

ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و  بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج.

 

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...