هه‌واڵ

نرخی دەرمان گرانتر دەکرێت

زێدپرێس

 

پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەیەگەنێت، نرخی ستیکەری دەرمان بەڕێژەی ٥٠٠٪ زیاتر لە نرخی پێشوو بە کۆمپانیایەکی نوێ دراوە و بەو هۆیەشەوە نرخی دەرمان گرانتر دەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، یاداشنامەیەکی بەناوی “کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان” بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا دەڵێن “بە توندی بڕیار دووبارە کڕینەوی ستیکەر بۆ دەرمانەکانمان ڕەت دەکەینەوە، کە پێشتر کۆمپانیایەک ستیکەری درووستکردووە و بە شێوەی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ حکوومەت و کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان ھەبووە”.

یاداشتنامەکە، ناوی هیچ کۆمپانیایەکی لەسەر نییە و ئاڕاستەی “لایەنی پەیوەندیدار” کراوە و لەڕێگەی هەژماری تایبەتی ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووترەوە، بڵاوکراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی یاداشتنامەکەدا هاتووە، “ئێمە بە فەرمانی حکوومەتی هەرێم ستیکەرمان لەو کۆمپانیایە کڕیوە، بەڵام ئێستا کوالێتی کۆنتڕۆڵ بەزۆر دەیەوێت ستیکەری کۆمپانیای پێشوو ھەڵبوەشێنێتەوە، بەبێ ھۆکار، ستیکەری نوێ بە کۆمپانیاکانی دەرمان بفرۆشنەوە”. زیاتر دەڵێ “ئەویش تەنیا لەبەر دەستکەوتی مادی بۆ کۆمپانیای ستیکەر، کە دەسەڵاتدارێکی لە پشتە، نرخی سیتکەریشی زیادکردووە بە ڕێژەی ٥٠٠٪‏ ، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر خەلک و کۆمپانیاکانی دەرمان درووستکردووە و دەبێتە هۆی گرانبوونی دەرمان”.

هێشتا، وەزارەتی تەندروستی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە نەداوە.

چەند ساڵێکە کێشەی درووستکردنی ستیکەری دەرمان لە هەرێمی کوردستاندا سەریهەڵداوە. ساڵی ٢٠٢١، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری درووستکردنی ستیکەری دەرمانی بەشێوەی قۆرخکاری بۆ کۆمپانیایەک یەکلایکردەوە، بەڵام داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوەی ژمارە ٥٩٨ لە ڕێککەوتی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا، گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئەوکات میدیاکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە وەزارەتی تەندروستی پابەندی بڕیارەکەی داواکاری گشتی نەبووە و لە ڕێککەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ستیکەر تەکنۆلۆگ ئەنجامداوە، بەمەبەستی درووستکردنی ستیکەری دەرمان.

میدیاکان باسیان لەوەش کردبوو، کە بەپێی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، لە بەرانبەر هەر ستیکەرێک ٣.٨٥ سەنت داندراوە، بەڵام پێشتر نرخی هەر ستیکەرێک تەنیا یەک سەنت بووە.

لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، لە نامەیەکی کراوە، کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، دەڵێ “کۆمپانیایەکی تازە دروستکراو، بەبێ ئەوەی ھیچ پێشینەی ھەبێت، بەبێ ئەوەی بارمتەی یاسایی بەچەکی پەسندکراو ھەبێت، بەبێ ئەوەی چاپخانەی ھەبێت، بە نرخێکی زۆر گران (ستیکەری دەرمن)ی پێدەدرێت”.

بەپێی زانیارییەکانی ناو نامەکە، ئەوکات تەندەرەکە بە کۆمپانیای “ستیکەر تەچ” دراوە، “بە نرخی ٣٠ ئەوەندەی کەمترین نرخی پێشکەشکراو لە پڕۆسەی تەندەرەکەدا. لەسەر ئەو بنەمایەی کە ستیکەر تەچ هەر هەزار ستیکەرێک بە ٥٠٠ دۆلار چاپ دەکات و هەرزانترین نرخی پێشکەشکراویش بریتییە لە ١٧.٥ دۆلار بۆ هەر هەزار ستیکەرێک”.

هەر لە نامەکەدا هاتبوو، کە “پێشتر یه‌ك ملیۆن ستیكه‌ر به‌ ١٥٦ دۆلار درووستكراوه‌ و ئێستا هه‌مان بڕ به ٢٩ هەزار و ٥٠٠ دۆلار درووست دەکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...