ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/10/zed-press-krg-25-10-2023-780x470.jpg)
زێدپرێس
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە میلاکی گشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم دەخاتەڕوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری داد و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن.
لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی دا، دوو بابەت دەخرێنەڕوو سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای چاکسازیی، کە لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران پێشنیازکراوە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.