داوای یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان دەکرێت
زێدپرێس
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێگەی یاداشتێکی فەرمییەوە، کە ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئاڕاستەی وەزیری بەرگری عێراقی کردووە، داوا دەکات وەک پابەندبوونێک بە ماددەکانی ١٤ و ١٣٢ی دەستوری عێراق و یاسای دامەزراوەی شەهیدان، فەرمان بدات بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێو وەزارەتەكەی بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی تۆماركردنی ناوی ئەو شەهیدانەی كە كەسوكاریان ئەو مافانە دەیانگرێتەوە كە تایبەتن بە مافی كەسوكاری شەهیدان، لەنێویشیاندا تەرخانكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.
هەر لەو یاداشتەدا ئەوەیان بەبیری وەزیری بەرگریی عێراق هێناوەتەوە، كە ٥٠٠ یەكەی نیشتەجێبوون (لە شێوەی شووقە) پێشكەش بە كەسوكاری شەهیدانی پارێزگای كەركووك كراوە، بەڵام هیچ كەسێك لە كەسوكاری پێشمەرگەكان لێی سوودمەند نەبوون، لە كاتێكدا وەک دەڵێ “سەدان كەس لەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش شەهید بوون، خەڵكی كەركووكن”.
قەرەنی، لەبارەی یاداشتەکەوە دەڵێ “ئێمە جەختمان كردەوە كە جیاكردنەوەی پێشمەرگە لە هێزەكانی دیكەی عێراق، سەرپێچیی بنەما سەرەكییەكانی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان و كارنامەی حكوومەتی فیدڕاڵییە كە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی پێداوە. بۆیە داوامان كرد كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ داواكارییەكەمان بگیرێتە بەر و لە ئەنجامەكەشی ئاگادار بكرێینەوە”.
مەریوان قەرەنی، هاوکات جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.