سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێم هەواڵ و زانیاری بڵاو ناکەنەوە

بەشێک لە ماڵپەڕەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ئەمساڵ تەنیا یەک هەواڵیشیان بڵاونەکردوونەتەوە و بەشێکی دیکەیان چەند هەواڵێکی تەشریفاتییان بڵاوکردوونەتەوە.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زێدپرێس بۆ ماڵپەڕە فەرمییەکانی هەر (١٩) وەزارەتەکەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە دوو لە وەزارەتەکان بەدرێژایی هەموو ئەمساڵ تەنانەت یەک هەواڵیشیان تێدا بڵاونەکراوەتەوە و بەشێک لە ماڵپەڕی وەزارەتەکانی دیکە چەند هەواڵێکی کەم و تەشریفاتییان بڵاوکردوونەتەوە، ئەو هەواڵانەیش پێکدێن لە دیدار و دانیشتن و یان هەر چالاکییەکی ڕۆتینی و ڕۆژانە کە زانیاریی پێویستیان بۆ هاووڵاتییان تێدا نییە.

 

هەردوو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بەدرێژایی ئەمساڵ تەنانەت یەک هەواڵیشیان لە ماڵپەڕەکانیاندا بڵاونەکردوونەتەوە، وەزارەتەکانی دیکەی وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، پەروەردە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە نێوان (٢ تا ٩) هەواڵیان بڵاوکردووەتەوە.

 

هەرچی وەزارەتەکانی دیکەی وەک سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابووری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەشێوەی یەک لەدوای یەک لە نێوان (١٤ تا ٢٧) هەواڵیان بڵاوکردوونەتەوە.

 

چوار لە وەزارەتەکانی دیکە کە پێکهاتوون لە وەزارەتی پێشمەرگە (٢٠١ هەواڵ)، وەزارەتی پلاندنان (٨٤ هەواڵ)، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (٥٧ هەواڵ) و وەزارەتی کارەبا (٤١ هەواڵ) زۆرترین هەواڵ لە ماڵپەڕە فەرمییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

 

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی

بەدرێژایی ئەمساڵ هیچ هەواڵێک لە ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاونەکراونەتەوە. لەبەرئەوە نوێترین هەواڵی سەر ماڵپەڕی وەزارەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٤ و بەناونیشانی “وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێشوازی لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ڕاپەڕین كرد“.

 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن

بەدرێژایی ئەمساڵ هیچ هەواڵێک لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاونەکراوەتەوە. بەڵکوو بەدرێژایی ساڵی ڕابردوویش هەر هیچ هەواڵێک لە ماڵپەڕی ئەو وەزارەتەدا بڵاونەکراوەتەوە. بەو جۆرەیش نوێترین هەواڵی سەر ماڵپەڕەکە ڕێککەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ و بەناونیشانی “لە ڕۆژی شەممەوە بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە“.

لەوەتەی ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا و لەماوەی ئەو کابینەیەی حکوومەتدا، تەنیا (٦) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاوکراوەتەوە.

 

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٢) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بڵاوکراونەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “یادی شەهیدانی بۆردومانی پردی گەڵاڵە کرایەوە“.

 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٥) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڵاوکراوەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان بۆ ٤ی ئایاری ٢٠٢٥ دەگەڕێتەوە کە لێدوانێکی وەزیری وەزارەتەکەیە و دەڵێ: “یەکێک لە ئامانجەکانی حكومه‌تی هه‌رێم ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و خزمەتکردنی دانیشتووانەکەیه‌تی“.

 

وەزارەتی تەندروستی

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٦) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی تەندروستی بڵاوکراوەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان بۆ نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا و بەدیاریکراوی ڕێککەوتی ١٦ی نیسانی ٢٠٢٥ دەگەڕێتەوە و هەواڵەکە دەڵێ: “بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی كۆیە دەست بەكار بوو“.

 

وەزارەتی پەروەردە

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٦) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بڵاوکراوەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان بۆ ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥ دەگەڕێتەوە و هەواڵەکەیش دەڵێ: ” وەزیری پەروەردە پێشوازی له‌ فەرماندەی هێزەکانی زەمینی نیشتمانیی ئیتالیا كرد“.

 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٦) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڵاوکراونەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥ کە لە لێدوانێکی وەزیری وەزارەتەکە داڕێژراوە و دەڵێ: “ھەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان دەڕوانین“.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٨) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوکراوەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی هەرێمی کوردستان كرد“.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، تەنیا (٩) هەواڵ لە ماڵپەڕی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بڵاوکراونەتەوە. نوێترین هەواڵ ڕێککەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی “IM”ـی تایبەت بە خزمەتکردنی منداڵان كرد“.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥ بەدیاریکراوی (١٤) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. نوێترینیان لە ٤ی ئایاردا بووە کە دەڵێ: “وەزیری سامانە سروشتییەکان به‌ وه‌كاله‌ت لەگەڵ کونسولی گشتیی ئەمەریکا کۆبووەوە“.

 

وەزارەتی ناوخۆ

لە ای کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥ تەنیا (١٤) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی ناوخۆدا بڵاوکراونەتەوە. دوایین هەواڵ لە ٤ی ئایاری ئەمساڵدا بووە کە دەڵێ، “وەزارەتی ناوخۆ ٢٠ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم دابین دەکات“.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بەدیاریکراوی (١٦) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوکراونەتەوە. نوێترین هەواڵیان دەگەڕێتەوە پێش نزیکەی دوو مانگ و بەدیاریکراوی لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥دا بڵاوکراوەتەوە و هەواڵەکە دەڵێ: “تیمی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشداری لە لوتکەی وەبەرهێنان (٢٠٢٥) لە وڵاتی ئیمارات كرد“.

 

وەزارەتی داد

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ئەمڕۆ سێشەم ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بەدیاریکراوی (٢٤) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی داد بڵاوکراوەتەوە.

دوایین هەواڵ لە ماڵپەڕی وەزارەتی داد بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ سێشيم بڵاوکراوەتەوە، کە دەڵێ: “وه‌زیری داد ده‌سه‌ڵاتی به‌ دادنووسێكی تازه‌ دا“.

 

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بەژمارە (٢٤) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بڵاوکراونەتەوە. نوێترینیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە ڕاوێژکاری یەكەم لە وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا كرد“.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بەدیاریکراوی (٢٧) هەواڵ لە ماڵپەڕی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاوکراونەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پێشوازی لە کونسولی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان كرد“.

 

وەزارەتی کارەبا

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بەدیاریکراوی (٤١) هەواڵ لە ماڵپەڕی وەزارەتی کارەبا بڵاوکراونەتەوە. نوێترین هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ١ی ئایاری ٢٠٢٥ و دەڵێ: “وەزیری كاره‌با ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز دەکات“.

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بەدیاریکراوی (٥٧) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوکراوەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “پرۆژەیه‌كی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ شاره‌دێی قەسرێ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌“.

 

وەزارەتی پلاندانان

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، بە ژمارە (٨٤) هەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی پلاندانان بڵاوکراونەتەوە. نوێترینیان هەواڵیان دەگەڕێتەوە بۆ ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥ و بەناونیشانی “ڕوونکردنەوە و ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان لەبارەی گردبوونەوە و داواکاریی بژمێرەکان“.

 

وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە

لە ماوەی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، لە ماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگە (٢٠١) هەواڵ بڵاوکراونەتەوە، کە بەنزیکەی تێکڕای هەواڵەکان پێوەستن بە کار و چالاکییە ڕۆتینی و تەشریفاتییەکانی وەزیری پێشمەرگە و وەزارەتەکە.

تا ئەمڕۆ سێشەم، دوو هەواڵی نوێ لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بڵاوکراونەتەوە. هەردووکیان هەواڵی تەشریفتایین، یەکێکیان پێوەستە بە بەڕێوەچوونی سمینارێکی تەندروستی لە یەکێک لە لیوایەکانی سەربە وەزارەتەکە و ئەویدی بەڕێوەبردنی پشکنینی تاقیکاری لە بنکەیەکی مەشقی پێشمەرگە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button