هه‌واڵ

ئاسایشی سلێمانی: بکوژی فرسەت مەلەکی بۆ دەرەوەی کوردستان هەڵاتووە

زێدپرێس

 

دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، زانیاری لەبارەی کوشتنی (فرسەت مەلەکی) ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتبارەکە بەرەو دەرەوەی کوردستان هەڵاتووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئاسایش، “ڕێککەوتی ٢ی ئایاری ٢٠٢٣، لەسەر ڕێگای (هیزۆپ-قەمتەران) لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕووداوێکی نادیار هاووڵاتی (فرسەت مەلەکی) کە پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووە دەکوژرێت و تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵدێت”.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دوای ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان لەسەر فەرمانی دادوەر دەستپێکرد، “زانیاری ورد لەسەر ئەنجامدەری تاوانەکە بەدەستهات و دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشتبەست بەزانیاری و کامێرای چاودێری، توانرا تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستنیشان بکرێت و بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەربکرێت”.

فرسەت مەلەکی، یەکێک لەو کەسانە بوو، کە لەکاتی کوژرانی موراد کانی کوردەیی لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لەگەڵیدا بوو، لەگەڵ کوژرانی کانی کوردەیی، فرسەت مەلەکی دەستگیرکرا و دوای ماوەیەک هێشتنەوەی لە دەستبەسەریی، ئازاد کرا. لەو ڕوانگەیەوە وەک شایەدحاڵێکی دۆسیەی کوژرانی موراد کانی کوردەیی ناودەبردرا.

ئاسایش دەڵێ “تۆمەتبار لەڕێگەی سیمکارتی بێسەرەتاوە پەیوەندی بە تاوانلێکراوە کردووە، بە مەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل فریویداوە و تۆمەتبار بەبیانووی لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەی، تاوانلێکراو دەباتە دەرەوەی شار و چەند جارێک بە بیانووی جۆراوجۆر ناونیشانی شوێنیان دەگۆڕن و بەمەش تاوانلێکراو گومان دەکات و هەڵدێت، بەڵام لەسەر ڕێگای نێوان گوندەکانی (هیزۆپ و قەمتەران) تاوانەکە ئەنجام دەدرێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە، “تۆمەتبار (ڕێبوار تەها محەمەد) بەپێی زانیارییەکانی هێزەکانی ئاسایش ئێستا هەڵاتووە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان. بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی ٤٠٦ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...